Hemin Hüseyin
26 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2016
هەولێر - AA
ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان: "تا ئێستا چوار كەمپ بۆ ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان تەواو كراون و هه‌شت كەمپى دیكه‌ش له ژێر دروست كردندان، به ته‌واوبوونی ئه‌و كه‌مپانه ده‌توانرێ پێشوازی له نزیكه‌ی 43 هه‌زار خێزان (244 هه‌زار كه‌س) بكرێت".
بەپێی راگهیەنراوێکی رۆژنامه‌وانی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان کە لە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ژمارەی ئەو هاووڵاتییانە ئاشکرا کردووە کە لە سەرەتای دەستپێكردنى ئۆپەراسیۆنى رزگاركردنى شارى مووسڵ له‌لایه‌ن هێزەكانى پێشمەرگه و سوپاى عێراق لە رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو ئاوارە بوونە.
لە راگەیەنراوەکەی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كاندا هاتووە: "له سەره‌تاى دەستپێكردنى ئۆپەراسیۆنى رزگاركردنى شارى مووسڵ له لایه‌ن هێزەكانى پێشمەرگه و سوپاى عێراق له رۆژی 17 تشرینی یه‌كه‌می رابردوو 68 هه‌زار كه‌س ئاوارە بوونه و لەو ژمارەیەش 74% كه دەكاته 52 هەزار كەس (10 هه‌زار خێزان) هاتوونەته هەرێمى كوردستان و له كهمپەكانى خازر، حەسەن شام و دیبگه له هەولێر و كەمپەكانى زێلكان و نەرگزلى له دهۆك نیشتەجێ كراون".
لە راگەیەنراوەکەی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان ئاماژە بەوە کراوە کە بەهاوكارى و هەماهەنگى له‌گه‌ڵ وەزارەتى كۆچ و كۆچبەران و رێكخراوەكانى نەتەوه یەكگرتووەكان و دەزگای خێرخوازى بارزانى و مانگى سورى عێراقى لە هەرێمى كوردستان پێشوازى له‌و ئاوارانه ده‌كرێت كه روو ده‌كه‌نه هه‌رێمی كوردستان و خواردن و پەناگه و پێداویستیی ژیان بۆیان دابین ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها له راگهیەندراوهکهدا هاتووه: "تا ئێستا چوار كەمپ بۆ ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان تەواو كراون و هه‌شت كەمپى دیكه‌ش له ژێر دروست كردندان، به ته‌واوبوونی ئه‌و كه‌مپانه ده‌توانرێت پێشوازی له نزیكه‌ی 43 هه‌زار خێزان (244 هه‌زار كه‌س) بكرێت".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە له سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی گه‌یاره له 14 مانگی ئاداری رابردوو تا ئه‌مڕۆ زیاتر له 91 هه‌زار ئاواره هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان و شه‌پۆڵی هاتنیشیان به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌تی له‌ناو مووسل، گه‌یاره، شەرگات، حه‌ویجه و قه‌راج.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌هاناوه چوونی ئاواره‌كان، مانگانه پێویستی به 962 ملیۆن دینار هه‌یه، له كاتێكدا ئێستا هیچ هاوكارییه‌كى دارایى راسته‌وخۆ پێشكه‌ش به حكوومه‌تى هه‌رێم نه‌كراوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كى زۆری دانیشتوانی ناوچه ئازادكراوه‌كان به‌هۆى نه‌بوونى ئاو و خۆراك و ده‌رمان و سووته‌مه‌نى له ره‌وشێكى زۆر خراپدان، ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست و خێرا هاوكارى نه‌كرێن، ناچار ده‌بن ناوچه‌كانیان جێ بهێڵن و روو بكه‌نه هه‌رێمى كوردستان.