Hamit Hüseyin
10 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2015
هەتا ئێستا زیاتر لە شەش ھەزار کەس لە کچان و کوڕانی رۆژئاوا بەشداریان لەو ھێزە کردووە و ئەو ھێزە وەک ھێزێکی تایبەت پەروەردە دراوە و لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیش رۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە و لە ئێستادا ئەو ھێزە لە چەند میحوەرێک لە نزیک سنووری رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان لە دژی داعش شەڕ دەکەن.
ھێزی پێشمەرگەکانی رۆژئاوا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە، سەرەتا بە چەند سریەیەکی کەم دەستیان بە مەشق و راھێنان کردوە، پاشان بەرە بەرە ژمارەیان زیاد بوو. ئێستا زیاتر لە ھەشت فەوجن و سەر بە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی کوردستانن. جگە لە پیاوان چەند سریەی ئافرەتانیشیان ھەیە. ئەم ھێزە زۆربەیان خەڵکی رۆژئاوان بەڵام چەند پلەداری خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیان دەکەن و چەند پێشمەرگەیەکی خەڵکی تورکیاش بەشدارن لەم ھێزە.
پێشمەرگەی رۆژئاوا ھەر لە سەرتاوە یەکەم ئامانجیان ئەوە بووە کە بگەڕێنەوە رۆژئاوا و خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بپارێزن بەڵام هەتا ئێستا نەیانتوانیوە رەزامەندی گەڕانەوەیان لە ھێزە کوردییەکانی دیکە وەربگرنەوە.
دوای رێککەوتنی دھۆک بڕیار وا بوو کە لێژنەیەکی سەربازی پێک بھێنرێت هەتا کێشەکانی سەربازی لە رۆژئاوا تاوتۆی بکرێن و ھێزی پێشمەرگەی رۆژئاوا بگەڕینەوە. لە ئێستادا زیاتر لە شەش ھەزار پێشمەرگەی رۆژئاوا ئامادەن لە رۆژئاوا دژی تیرۆریستان شەڕ بکەن. ئەو ھێزە ھاووڵاتی رۆژئاوان و لە ھەرێمی کوردستان لە ژێر چاودێری وەزارەتی نێوخۆ پەروەردە کراون.
پێشمەرگەیەکی کچ خەڵکی گوندی شەبەک لە ناحیەی چەلاخێ رۆژئاوا ھاجەر رەودان لە میحوەری شەڕ لە دژی داعش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە رۆڵێکی بەرچاومان ھەبووە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و ھەرچەندە زۆر زەحمەت بوو کە بتوانین چەک ھەڵگرین بەڵام پاڵنەری گەڕانەوە بۆ زێدی خۆمان ھەمیشە ئامادەباشی لە ئێمە دروست دەکات. ئێمە وەک ئافرەت، توانیمان تەدریبی سەربازی تێپەڕێنین و زەحمەتی زۆرمان دیت".
پێشمەرگەیەکی دیکە بەناوی لیندا نووری خەڵکی تربەسپی دەڵێت: "من چاوەڕێی گەڕانەوەم و ئامانجی من لە پێشمەرگایەتی ئەوە بوو کە من بیر و باوەڕێکم لا دروست بووە کە دەتوانم وەک برا پێشمەرگەکانی دیکە خاکی خۆم بپارێزم وبە پێشمەرگایەتی خەباتی کوردایەتی بەرەو پێش ببەم".
لیندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "من وەک کچێکی ماڵەوە بیر لە خۆم ناکەمەوە و من کەسایەتییەی سەربازییم ھەیە. لە کولتووری کوردی ئەو کچانەی بوێرن، کەسایەتی و پێگەی تایبەتیان لە نێو عەشیرەت و خێزانیاندا ھەیە".
شیرین ئاکۆ خەڵکی قامیشلۆیە بۆ ئانادۆڵو دەڵێت: "خەڵکی رۆژئاوا زۆر زەحمەتی بینیوە و ھەرچەندە تەدریبی پێشمەرگایەتی زۆر سەختمان دیتووە بەڵام دیسانەوە بیرم تەنیا لای ئەو رۆژانەیە کە ھێزمان ھەبێت و پەشیمان نیم و بەردەوام دەبم هەتا لەسەر ئەم خاکە شەھید دەبم".
پێشمەرگەی رۆژئاوا عەبدولباقی ئەحمەد خەڵکی دێرکا حەمکویە و لە ھێزی 'کوڕانی رۆژ' دەڵێت: "خەڵکی رۆژئاوا دووچاری کۆمەڵکوژییەکی گەورە بووە و ئێمە دەمانەوێت بەو ھێزە بەرگری لە خاکی خۆمان بکەین و لە نێو خاکی خۆماندا و ھەروەھا لە ئایندەی منداڵەکانمان لە وڵاتی خۆیان پەروەردەی خێزانی سەربازی ببینن".
لەبارەی رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی داعش ناوبراو زیاتر قسەی کرد و گوتی: "ئێمە بە باوەڕەوە شەڕ دەکەین. ئێمە پێشمەرگەی خاکین نەک گرێدراو بە سەروەت و سامان. ئێمە دەگەڕێینەوە رۆژئاوا و ھەرچەندە پەیەدە قەبووڵی نەکات بەڵام میللەتی کورد لە رۆژئاوا بانگەوای ئێمە دەکات و ئێمە دەگەڕێینەوە. ئێمە لە رۆژئاوا میوان نین ماڵی خۆمانە و خوازیارین دژی تیرۆریستان شەڕ بکەین".
بەرپرسی ھێزی رۆژ لە پێشمەرگەی رۆژئاوا سیپان مەهدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجمان تەنیا ژیانە لە چوارچێوەیەکی ئەمن و ئاسایش بێت و زۆڵم و زۆرداری لەسەر میللەتی ئێمە لە رۆژئاوا نەمێنێت و ئێمە بە فەرمی لە رۆژئاواوە ھاتووین و بە فەرمیش دەگەڕێینەوە".
ھەروەھا لەبارەی یارمەتیدانی ھاوپەیمانان بۆ ئەم هێزە ناوبراو دوا و گوتی: "هەتا ئێستا ئەوان ھیچ یارمەتییەکی لەشکەری رۆژئاوایان نەداوە و تەنیا ھەرێمی کوردستان یارمەتیدەر بووە. داواکارم ئاوڕێک لە ئێمە بدرێتەوە هەتا کاتی گەڕانەوە بتوانین بە سەربڵندی بگەڕێینەوە و ئەگەر ھەیە دوای گەڕانەوەمان، ئێمە تێکەڵی ھێزەکانی هاوپەیمانان بین".
بەرپرسی ھێزی رۆژ لە پێشمەرگەی رۆژئاوا لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی رژیمی ئەسەدەوە گوتی: "ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە، تەنیا لەگەڵ هاوپەیمانان دەبین و بەبڕیاری سیاسی ئێمە شەڕی پەیەدە ناکەین بەڵام ئەوانەی لایەنگری لە ئەسەد دەکەن هیچیان لێ قبووڵ ناکەین".