Heman Hussein Yaseen
15 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2023
هەولێر - AA هێمن حوسێن
ئەگەرچی لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق پلەی گەرمیی لە ٥٠ پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە، بەڵام گوندی وێزێی ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێر لە ناوەڕاستی هاویندا لە ٢٠ پلەی سیلیزی تێپەڕ ناکات و لە شەویشدا بۆ ١٥ پلە دادەبەزێت.
گوندی وێزێ دەکەوێتە دامێنی چیای کۆدۆ و حەساری سەکران لە ڕۆژهەڵاتیشەوە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران، شوێنەکە بە زنجیرەیەک چیا و سەوزایی دەور دراوە و خەڵکی گوندەکە لە چلەی هاوینیشدا، هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوە بەکارناهێنن و زۆربەی ماڵەکانیش کانییەکی تیادایە و زۆرجار وەک ساردکەرەوە سوود لە کانیاوەکان دەبینن و میوە و خواردەمەنییەکانی پێ سارد دەکەن.
مام عەبدوڵڵا ئەحمەد خەڵکی گوندەکە و ئاماژە بەوە دەکات کە گوندەکەیان بە چەند قۆناغێکی جیاوازەدا تێپەڕ بووە و، هەروەها بەهۆی شۆڕشی ئەیلوول و دواتریش شەڕی نێوان عێراق – ئێران ماوەیەک چۆڵکراوە و دوای راپەڕین جارێکی دیکە ئاوەدانکراوەتەوە و لە ئێستاشدا شەش مانگی ساڵ لەو گوندە ژیان بەسەر دەبات.
مام عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا لەسەر کانییەکەی نێو ماڵەکەی دانیشتووە و ئەو کاڵەکە چاک دەکات کە بەئاوی کانییەکە سارد بووە و، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گوندەکەمان لە ساڵی ١٩٧٠ چوار ساڵ ئاوەدان بوو، دواتر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەرەکەدا، ئەوا گوندەکە چۆڵکرا، دواتر حکوومەتی ئەوکاتی عێراق لە ساڵی ١٩٧٧ خەڵکەکەی هەموو بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەکان گواستەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٠ شەڕی نێوان عێراق – ئێران دەستی پێکرد و شوێنەکە بەیەکجاری چۆڵ بوو، دواتر لە ساڵی ١٩٨٢ ئێران هێرشێکی بۆسەر چیای کۆدۆ کرد و ناوچەکەی داگیرکرد، لە دوای ڕاپەڕینیش لە ساڵی ١٩٩١ خەڵک گەڕاوە و گوندەکەیان ئاوەدانکردەوە".
دانیشتووی گوندی وێزێ، مام عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا گوتیشی: "خەڵکی ئەو گوندە بە جووتیارییەوە سەرقاڵە، لە کۆنیشەوە کەشێکی فێنکی هەبووە و لە چوار وەرزی ساڵ بەفر لە دەوروپشتی گوندەکە دەمێنێتەوە، ئێمە لە مانگی تشرینی دووەم بەهۆی سەرما و بەفرەوە گوندەکە چۆڵ دەکەین و لە مانگی نیسان بە دواوە دێینەوە، چونکە لە وەرزی زستان کەشەکە زۆر ساردە و ساڵی وا هەیە بەفر دوو مەتر دەکەوێت و تەواوی رێگاکان دەگیرێن، جگە لەوەش لە وەرزی هاوینداهیچ ئامێرێکی فێنککەرەوە بەکارناهێنین و، لە شەویشدا دەبێت جلوبەرگی گەرم لەبەر بکەین".
ئاوی کانییەکان بۆ پێداویستی رۆژانە و، بەشێکی ئاوەکەش بۆ کشتوکاڵی بەکاردەهێنن و خەڵکی گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین ساڵە قەبارەکەی ئاوی کانییەکان وەک خۆیەتی.
پوور حەفسەت عەلی ماوەی هەشت ساڵە دانیشتووی گوندەکەیە و ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ساڵانە لە وەرزی گەرما بۆ کشتوکاڵی و جووتیاری دێنەوە گوندەکە و دواتر بەهۆی سەرماوە شوێنەکە بەجێدەهێڵن.
پوور حەفسەت عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمەماوەی هەشت ساڵە لێرەین، خەریکی کشتوکاڵی و جوتیارین، بە گشتی بەهۆی سەرما و سۆڵە لە مانگی تشرینی دووەم گوندەکە چۆڵ دەکەین و دوای مانگی نیسانیش دەگەڕێینەوە، چونکە لە زستاندا بەفر رێگاکان دادەخات و خانووەکان دەکەونە ژێر بەفرەوە، لە هاوینیشدا گوندەکە خاوەن کەشێکی فێنکە و هیچ ئامێرێک بەکارناهێنین، ئێمە هەر لە ژوورەوە دادەنیشین و دەخەوین بەبێ بوونی هیچ ئامێرێکی فێنککەرەوە".
گوندەکە ٨٠ ماڵی تیادایە و سەوزایی خانووەکانی داپۆشیووە و زەوییەکەشی بۆ کشتوکاڵیی لەبارە، هەروەها خەڵکەکەی زیاتر بە کشتوکاڵی، باخداری و ئاژەڵدارییەوە خەریکن و ساڵانەش بەهۆی بوونی کەشێکی جیاوازە، خەڵکێکی زۆر سەردانی گوندەکە دەکات.
پوور نەجیبە مستەفا خەڵکی گوندی ئۆمەراوەی سەر بە قەزای چۆمانە و، بە میوانی هاتووەتە گوندی وێزێ، ئەو جیاوازی کەشی گوندەکەی خۆیان و گوندی وێزێ دەخاتەڕوو، ئاماژە بەوە دەکات کە لە گوندەکەی خۆیان بەشێوەیەکی بەردەوام ئامێری فێنککەرەوە داگیرساوە.
پوور نەجیبە مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من لە گوندی ئۆمەراوە نیشتەجێم و ئێستا بە میوانی هاتوومەتە ئێرە، ئەم گوندە لە رووی فێنکایەتی و سروشتەوە زۆر جیاوازترە لە گوندەکەی ئێمە چونکە گوندەکەمان زۆر گەرمە و بەردەوام ئامێری فێنککەرەوە بەکاردەهێنین، جگە لەوەش کێشەی نەبوونی ئاویش لە گوندەکەمان هەیە".
گوندی وێزێ سەر بە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێرە و بە دووری ٢٠٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی باکووری پارێزگای ھەولێر و بە دووریی ١٩ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی سەنتەری قەزای چۆمان.
ئەم گوندە کۆتا گوندی هەرێمی کوردستانە و، لەگەڵ وڵاتی ئێران ھاوسنوورە، لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کەوتووەتە بناری چیای کۆدۆ و زنجیرە چیای حەساری سەکران، هەریەک لە کوێستانەکانی پرژێ و بەردی قڵشتێ دەڕواننە سەر گوندەکە.