Salim Xemexan
25 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2017
ھەڵەبجە - AA
پارێزگاری ھەڵەبجە بە وەکالەت و سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، عەلی عوسمان رایگەیاند "لیژنەی منداڵە ونبووەکان بە دوو قۆناغ کارمان کردووە کە قۆناغی یەکەم سۆراخکردن و بەدواداچوونە و ئێمەش نوێنەری خومان بۆ بەدواداچوون لە ئێران دیاری کردووە کە ئالان تۆفیقە و یەکێکە لەو منداڵە ونبووانەی ھەڵەبجە کە ساڵی پار ناسێنرایەوە و ھەنگاوی باشی بڕیوە بە ھاوکاریی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێم لە تاران و توانیویەتی مۆڵەتی سەردان و گەڕان بۆ ھەموو ئەو شوێنانە وەربگرێت کە لە ساڵی ١٩٨٨دا منداڵی ھەڵەبجەی بۆبراوە کە خزمەتێکی باش بە دۆسیەکەمان دەکات. قۆناغی دووەمیش بە سیستەمکردنی دۆسیەی منداڵە ونبووەکانە ئێمە ھەوڵماندا کە بتوانین قەناعەت بە ئەنجوومەنی وەزیران بھێنین کە دۆسیەی منداڵە ونبووەکان بەشێکی یاساییە و دەبێت دادگا کاری تێدا بکات، بەشەکەی تریشی تەندروستیە و دەبێت وەزارەتی تەندروستی کاری تێدا بکات، کە ئەویش پشکنینی DNAیە بەو ئاستە پێشکەوتووەکە کە ئێستا لە دنیادا ھەیە و لە وڵاتی ئێمەدا زۆر پێشکەوتوو نییە، بۆیە داوای پشکنینی DNA دەرەوەمان کردووە، چونکە تموحمان پێی ھەیە تا دۆسیەی جینۆسایدی ھەڵەبجە لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکاندا بەرێتە پێشەوە، ئێمەش سەنتەرێکمان ھەڵبژاردووە تا دادگا بڕیار لەبارەیەوە بدات و پشکنینەکان بەو سەنتەرە بسپێرێت".
عەلی عوسمان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێستادا پرۆفایلی ھەموو خێزانەکان تەواو بووە ئەوانەی بانگەشەی بوونی منداڵی ونبوویان کردووە کە ٧٤ پرۆفایلە و دادگاش نووسراوی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ لە ئەستۆگرتنی تێچووی ئەو پشکنینانە و ئێمەش بەڵێنی ئەوەمان پێدراوە، دوای وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران، دادگا بڕیاری نادرنەدەرەوەی ئەو سامپلانە دەدات کە لە خێزانەکان وەردەگیرێن و پرسی یەکلاکردنەوەی پشکنینی DNA خێزانەکان کۆتایی پێدێت و بەوەش ئامادە دەبێت بۆ بەراوردکردن بە DNA ھەر منداڵێک کە وەک ونبووی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەناسێنرێت".
عەلی عوسمان زیاتری گوت "بەو شێوازە توانیومانە سیستەمێک دابڕێژین کە کەس نەتوانێت بەلاڕێیدا بەرێت و ئەو فشار و بانگەشانەی پێشتر ھەبوون دەربارەی پشکنینەکانی تر کۆتایی پێبھێنرێت، چونکە ئێمە تائێستا پێنج منداڵمان لە رێگەی پشکنینی DNAیەوە ناسنووەتەوە بە کەسوکاریان، کە دوانیان کوڕ و سیانیان کچن، کوڕەکان کێشەیان نییە، بەڵام کچەکان کێشەیان بۆ دروست بووە کە کێشەکان بەشێکیان کۆمەڵایەتین و ئێستا بوونیان ھەیە، لەم یادەدا ئاماژەم پێکرد کە ھیچ کەس ناتوانێت رێگری بکات لەبەرامبەر تۆمارکردنی سکاڵا بۆ دووبارەکردنەوەی پشکنینەکانیان، دەتوانن بڕۆنە دادگا و سکاڵا تۆمار بکەن لە پێناو دووبارە پشکنین بۆDNAیان".
ھەر لە مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی کوردستان، پەری نوری عەزیز ئامادە بوو، ئەو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دۆسیەی منداڵە ونبووەکان تایبەتمەندی ئێمەیە و ھەمیشە کارمان لەسەر کردووە، بەڵام رەنگە ھەندێ گرفتی یاسایی و زانستی ھاتبێتە ئارا ئەویش بە ھۆی ئەو بۆشاییە یاساییەی دروست بووە بە ھۆی نەبوونی پەرلەمان و کارا نەکردنیەوە نەمانتوانیوە پرۆژە یاسای منداڵە ونبووەکان پێشکەش بکەین و بە یاسایی بکەین، بەڵام لە رێگەی پارێزگاری ھەڵەبجەوە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران کارەکان بەرەو پێشچوونی باشیان بەخۆیەوە دیوە و لیژنەکەی پارێزگا ھەنگاوی باشی ناوە"
ھاوکات سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد، ئەو گوتی: "یەکێک لە ئامانجەکانی کۆمەڵەکەمان کارکردنی جیددیە لەسەر کەیسی منداڵە ونبووەکان، خۆشبەختانە بە پێی ئەو بێ ئەزموونیەی خۆمان توانیمان چەند ھەنگاوێکی باش ھەڵبگرین، ئەوەش دوای سەردانمان بۆ ئێران و دڵنیابوونەوەمان لە بوونی منداڵانێکی ھەڵەبجە کە لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا دراونەتە خەڵکێک بۆ بەخێوکردنیان، بۆیە دوای کەیسەکانی دۆزینەوەی زمناکۆ و مەریمە و ئەوانەی تر کۆمەڵەکەمان رۆڵی کاریگەری ھەبووە، بەڵام ئەو کارانەی پێشتر کرابوون بە سیستەمیکی یاسایی کاریان تێدا نەکرابوو، ئەمەش لە کەیسەکانی ئالان و چیادا دەرکەوت، بەڵام خۆشبەختانە دوای پێکھێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە پارێزگای ھەڵەبجە توانیمان دۆسیەکان بە یاسایی بکەین و ئێستا ٧٣ خێزان بە فەرمی سکاڵایان تۆمار کردووە وداوای ١٧٩ منداڵ دەکەن، کە یەکەمجارە بە شێوەیەکی یاسایی ئەم کارە دەکرێت".
گوتیشی: "٩ منداڵ بانگەشەی ھەڵەبجەیی بوونی خۆیان دەکەن، بۆیە دەکرێت ئەم ئامارانە بکرێنە بنەمایەک و حکوومەتی ھەرێم دەتوانێت لەسەر بنەمای ئەم ئامارانە کاری جیدی بکات".
لای خۆیەوە یەکێک لەمنداڵە دۆزراوەکانی ھەڵەبجە، ئالان تۆفیق کە ئامادەی مەراسیمەکە بوو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لەدوای خۆناسینەوەم پێش ھەموو شتێک زانیم ھەڵەبجە زۆر سادە نییە و پێویستە باشتر لێی تێبگەین، دوای ئەوەش بوویە مایەی فەخر و شانازی بۆ من کە بوومە کوڕی پیاوێک کە ھەڵەبجەییەکان پەیکەری وەفاداریان بۆ دروست کردووە، ھەم بوومە کەسێک کە دوای ٢٧ ساڵ کە لە ئێران گەورە بووم خۆم بناسم و بزانم ئەو بەسەرھاتەی ھات بەسەر خەڵکی ئەم شارەدا دەبێت لە تەواوی دنیادا خەمی بخورێت، خەڵکی ئەم شارەش تا ئێستا کاریگەرن بەو تاوانەی دەرھەقیان کراوە".