Heman Hussein Yaseen
09 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
هەولێر - AA هێمن حوسێن
نزیکەی سەدە و نیوێک لەمەوبەر، یەکەمین قاوەخانە بەناوی قاوەخانەی عەبدوڵڵا سلێمان کە بە (عەبۆ قاوەچی) ناسرابوو، لەسەر قەڵای هەولێر کرایەوە و ماوەی یەک سەدە دەرگای بەڕووی هاووڵاتییان ئاوەڵا بوو، دواتر قاوەخانەکە داخرا و ئێستاش دوای نزیکەی چڵ ساڵ، جارێکی دیکە لەلایەن نەوەکانی عەبۆ قاوەچی، دەرگای قاوەخانەکە بەڕووی هاووڵاتییان دا کراوەتەوە.
عەلی قاوەچی، نەوەی عەبۆ قاوەچییە و دوای تێپەڕینی سەدە و نیوێک، ئێستا قاوەخانەکەی لەناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر کردووەتەوە و وەک خۆی دەڵێت، دەیەوێت ناوی باپیرەی گەورەی زیندوو بکاتەوە و ئەوەشدەخاتەڕوو کە ناوی قاوەخانەکەیان وەک بڕاندێک لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە.
قاوەخانەکەی ئێستا لە دووبەش پێکدێت، لەسەرەوە چەند مێز و کورسییەک دانراون و تەواوی دیوارەکانیش بە کەرپووچ دروستکراون و ئەمەش سیمایەکی کولتووری بە شوێنەکە بەخشیووە، هاوکات لەژێرزەمینی قاوەخانەکەدا، هۆڵێکی گەورەتر هەیە و دیوارەکانی بە جاجمی رەنگاوڕەنگ داپۆشراون، لەلایەکی دیوارەکەش، هەندێک وێنەی کۆنی مێژوویی تایبەت بە شاری هەولێر و قاوەخانەی عەبۆ نمایشکراون.
عەلی قاوەچی لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "مێژووی دروستکردنی قاوەخانەی عەبۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٦ی زایینی کە وەک یەکەم قاوەخانە لە شاری هەولێر، لەسەر قەڵا کرایەوە، دواتر شوێنەکەی دەگواسترێتەوە بۆ شوێنی باخی شاری ئێستا کە شوێنێکی گەورە و فراوان بووە، باخچەی هەبووە بۆ هاوینان و خەڵک لە بەیانییەوە تا ئێوارە کاتەکانی خۆیان لەو قاوەخانەیە بەسەربردووە".
عەلی قاوەچی ئەوەشدەخاتەڕوو کە وەک بۆیان گێڕاوەتەوە، ئەودەم قاوەخانەکە بووبووە شوێنی یەکترناسین و گفتوگۆی رۆشنبیران و لەمبارەیەوە گوتی: "وەک بۆیان گێڕاومەتەوە، لەو کاتەدا خەڵکی شاری هەولێر و دەوروبەری شار سەردانی قاوەخانەکەیان کردووە، جگە لە هاووڵاتییان، هاوکات دەستەبژێرێک لە رۆشنبیران هاتوچۆی قاوەخانەکەیان کردووە و بووبووە شوێنێک بۆ یەکترناسین و گفتوگۆ و باسکردنی بابەتی رۆژ".
قاوەخانەکە دوای ٩٣ ساڵ لە کارکردنی، دواجار دەرگاکەی دادەخرێت و ماوەی ٣٩ ساڵ بەم شێوەیە دەمێنێتەوە، لەبارەی هۆکاری داخستنی قاوەخانەکەش، عەلی قاوەچی رایگەیاند "ئەو قاوەخانەیە تا ساڵی ١٩٨٣ بەردەوام بوو، دواتر بەهۆی خوێندن و دامەزراندنەوە، ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد، وازیان لە کارەکەیان هێنا و بەم هۆیەوە قاوەخانەکە داخرا، بۆیە دوای ٣٩ ساڵ لە داخرانی، جارێکی دیکە بۆ زیندووکردنەوەی ناوی باپیرە گەورەمان، قاوەخانەکەمان لەناو بازاڕی قەیسەری کردووە".
لەبارەی جۆر و شێوازی قاوەکانیش لەسەردەمی کۆنەوە، عەلی قاوەچی گوتی: "ئەودەم، قاوەکان لە وڵاتانی بەڕازیل و یەمەن دەهات، جۆری قاوەکان دەنک بوون، دواتر لە ماڵەوە دەیانهاڕی و لە قاوەخانەی عەبۆ، هەموو رۆژ بەیانییان یەک فنجان قاوە بەخۆڕایی پێشکەش بە میوانەکان دەکرا".
بەگوتەی عەلی قاوەچی، کۆمەڵێک کەسی شاری هەولێر، لە قاوەخانەکەی عەبۆ کاریان کردووە، ناسراوترینیان "مام خەلیل چایچی" بووە کە دواتر ماوەی نیو سەدە چایخانەیەکی بەڕووی هاووڵاتییاندا کردەوە و ئێستاش چایخانەکەی بووەتە شوێنێکی کولتووری و لەمبارەیەوە گوتی: "یەکێک لەوانەی لە قاوەخانەکەی عەبۆ قاوەچی کاریکردووە، مام خەلیل چایچی بووە کە چەندین ساڵ لەگەڵ باپیرە گەورەم کاری کردووە و دواتر چایخانەی خۆی کردەوە و بەردەوام بوو تا ئەو رۆژەی لەژیاندا نەما".
لەبارەی جۆر و شێوازی قاوە و خواستی هاووڵاتییان لەسەر جۆرەکانی قاوە، عەلی قاوەچی دەڵێت "هەولێر پێویستی بەوە هەیە کە شوێنێکی وا کولتووری هەبێت وەکو شوێنێک بۆ پێکەوەژیان، ئێستا قاوەکان تایبەتە بەخۆمان کە بیست جۆر قاوەیە، وەک سادە، عوسمانی، فستق و کۆمەڵێک قاوەی دیکە، ئێمە لە وڵاتی بەڕازیل و ئۆگەندا قاوە دەکڕین و دەیبەین لە ئیستانبۆڵ لە کارگەکەمان دەیهاڕین، قاوەی سادە کۆنترین جۆری قاوەیە و خەڵک زیاتر خواستی لەسەرە".
مام نەشئەت عەبدۆک باوە-ی تەمەن ٧٢ ساڵ، باس لە قاوەخانەی عەبۆی ساڵانی حەفتاکان دەکات و دەڵێت: "تا ساڵی ١٩٧٣ قاوەخانەی عەبۆم لەبیرە، دوایی چوومە ئەرکی سەربازیی، قاوەخانەکە شوێنێکی خۆش بوو، جگە لە چا و قاوە، یاری تێنسی سەرمێز هەبوو، خەڵکی رۆشنبیر دەهاتنە قاوەخانەکە و شوێنێکی بەبێ کێشە و گرفت بوو، لەبەیانییەوە دەرگاکەی دەکرایەوە تا ئێوارە".
لەبارەی ئەو کەسانەی کە کاتی خۆی سەردانی قاوەخانەکەیان دەکرد، مام نەشئەت عەبدۆک باوە گوتی: "ئەوانەی ئەو سەردەمە هەموو کۆچی دواییان کردووە، ئەودەم قاوەخانەیەکی ئاوەدان بوو، ئەوەی لەبیر بووبێت دراوسێی قاوەخانەکە، گەراجی مام جەمال خەلیل بوو. زۆر خۆشحاڵم کە ئێستا قاوەخانەکە جارێکی دیکە کراوەتەوە ئاوەدانە، دەبینم خەڵک هاتوچۆی دەکەن و خزمەتگوزارییەکانیش باشە".