Sarmand Hameed
03 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 05 ئادار 2020
هەولێر - AA
لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، و لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پارێزگای هەولێر دوو بڕیاری دیکەی دەرکرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیادا ئەوە هاتووە کە لە رێکەوتی ۲٠۲٠/۳/٤ تا ۲٠۲٠/۳/۲٥، سەرجەم هۆڵە داخراوەکانی ئاهەنگگێڕانی خێزانی لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن و ئاهەنگیان تیادا بەڕێوەناچێت.
هەروەها سەرجەم پێشبڕکێ و خولە وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هۆڵە داخراو و گۆڕەپانە کراوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە هەمان ماوەی سەرەوەدا بەبێ جەماوەر بەڕێوەدەچن.
لە راگەیەنراوەکەی پارێزگای هەولێردا ئاماژە بەوەشدراوە کە بەپێی دۆخەکە و ئەگەر پێویستی کرد ماوەکان درێژ دەکرێنەوە.
جێی ئاماژەیە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارنەکراوە و بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، پارێزگا و لایەنە پەیوەندارەکان چەندین هەنگاویان گرتووەتەبەر و چەند بڕیارێکیان داوە لەوانە قەدەغەکردنی نێرگەلە کێشان لە کافیتریا و شوێنە گشتییەکان، هەروەها سنووردارکردنی بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و راگرتنی دانانی پرسە و چەند هەنگاو و رێککارێکی دیکە.