Heman Hussein Yaseen
02 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2020
هەولێر - AA
بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پارێزگاری هەولێر و لیژنەی فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی و وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، قەدەغەکردنی پرسەدانانیان تا رۆژی ٢١ی ئادار راگرت.
پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی گوتی: "دوای کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی فەتوا لە یەکێتی زانایان، ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و لەچوارچێوەی دەقە ئایینییەکان، بڕیارماندا تا رۆژی ٢١ی ئادار، هەموو پرسەیەک لەهەر شوێنێک لە سنووری پارێزگاری هەولێر قەدەغە بکرێت و ئەم بڕیارەش سەرجەم ئایینەکان دەگرێتەوە، ئەگەریش پێویستی کرد ماوەکە درێژ دەکەینەوە".
فەرسەت سۆفی گوتیشی: "هەر ١٠ قایمقامیەتی سنووری پارێزگاری هەولێر رادەسپێردین کە ئەم بڕیارە لە ئەمڕۆیەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەمەش لەبەر بەرژەوەندی گشتیی و تەندروستی هاووڵاتییانە".
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی، نیاز دێگەیی گوتی: "لەبەر بەرژەوەندی گشتی ئەم بڕیارەمانداوە، ئەوەی لە بابەتی پرسە و ناشتنی کەسێک لە بابەتی ئایینی شتێکە و ئەوەی پێویستە بکرێت بریتییە لە کفن و نوێژکردن و ناشتنی مردووەکە و ئامادەبوون لە کاتی ناشتن، هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت، خەڵک چەندە کۆ دەبێتەوە ئەوە لاریمان نییە، بەڵام ئەوەی جێگای مەترسییە گردبوونەوەی ناو مزگەوت و ناو ماڵەکانە، لەم روانگەیەوە بڕیاردرا بە راگرتنی پرسە لە ماڵەکان و لە مزگەوتەکان و تەنها رێورەسمی سەر گۆڕستان ئەنجام دەدرێت".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، دلۆڤان محەمەد فاتیح گوتی: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر ١٢ شوێن ھەیە بۆ کەرەنتین تاکو ئێستاش گشت پرۆسەکە بەشێوەیەکی رێک بەڕێوەدەچێت و ئەو کەسانەی لە دەرەوە گەڕاونەتەوە و تا ئێستا ژمارەیان هەزار و ٩٥ کەسە و ئەوانەی لە یەکەم رۆژەوە کەرەنتینن، رۆژی پێنجشەممە کەرەنتینیان تەواو دەبێت و دوای پشکنین دەتوانن بگەڕێنەوە ناو خێزانی خۆیان".