ئیستەنبوڵ
سەركۆماری توركیا عەبدوڵا گوڵ دوای خوێندنی نوێژی جەژن لە كاتی دەرچوونی لە مزگەوت، جەژنی رەمەزان لە رۆژنامەنووسانیش پیرۆز كرد و گوتی: "جەژنی ئەمساڵی توركیا لە نێو تەبایی و ئاشتیدایە بەڵام براكانمان لە نێو ئاشتی و ئارامیدا نین و تووشی كێشە و گرفت بوونەتەوە، بۆیە ئێمەیش پڕ بەدڵ ھەست بە ئاسوودەیی و بەختەوەری ناكەین، چونكە لە ناخماندا ھەست بە ئێش و ئازاری برا موسڵمانەكانمان لە عێراق، سوریا، فەلەستین، غەزە و ھەموو جیھانی ئیسلامید دەكەین. لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە جەژنی رەمەزان بكاتە ھۆی بەرقەرار كردنی ئاشتی و ئارامی لە سەرانسەری جیھانی ئیسلامیدا."
سەركۆماری توركیا هەروەها رایگەیاند: "بێگۆمان زۆر حەزم دەكرد ئەو دیپلۆماتكار و ھاووڵاتییە توركانەی لە موسڵ لە لایەن داعشەوە رفێنراون لە رۆژانی جەژندا لەگەڵ كەسوكاری خۆیان بان و بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵی زۆرماندا بەداخەوە تا ئێستا ھەوڵدانەكان نەگەیشتۆتە ئەنجام، پیرۆزبایی جەژن لەوانیش دەكەم و پشت بەخوا ئەوانیش بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە بۆ باوەشی كەسوكارەكانیان و ھەموومان بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵ دەدەین."
لە كاتی لێدوانەكانی عەبدوڵلا گولدا ژمارەیەك ھاووڵاتی بە گوتنەوەی دروشمی" سەرۆكوەزیران گوڵ" رێز و خۆشتەویستی خۆیان بۆ گوڵ دەربڕی.