ئەنقەرە
لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکان بەر لەدیداری لەگەڵ باڵوێزی ژاپۆن عەبدوڵا گوڵ سەرکۆماری تورکیا گوتی: "بەرپرس و ڕاوێژکارانی ھەواڵگریی نیشتمانی (میت)، ھەوڵدەدەن بەباشترین شێوە کارەکانیان جێ بەجێ بکەن بەمەبەستی بەدەستھێنانی زۆرترین بەرژەوەندی بۆ تورکیا، ئاساییە ئەگەر ھەندێ لایەنی دەرەوە لەسەر بەدەستھێنانی سودەکان لەکارەکانی ھەواڵگریی نەتەوەیی وڵاتەکەماندا ناڕەزایی دەرببڕن".
سەبارەت بەتێپەڕبوونی ڕێگا بەنێو زەوی زانکۆی ODTÜ گوڵ گوتی: پێویست ناکات ئەم مەسەلەیە گەورە بکرێت، پێم وایە بەگفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، لایەنە پەیوەندارەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم مەسەلەیە لە راوێژدان.
ڕەخنە و نووسراوەکانی دەرەوە کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر ئێمە نیە
لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بەھەڵسەنگاندنەکانی کارەکانی ھاکان فیدان سەرۆکی میتی وڵاتەکەی سەرکۆمار گوتی: "ماوەیەکە ھەندێ نووسین و رەخنە لەسەر کارەکانی سیستمی وڵاتەکەمان دەبینم، تورکیا دەوڵەتێکی سەربەخۆیە و نابێت ئەم نووسیانە کاریگەری لەسەر وڵاتەکەمان ھەبێت، چونکە تورکیا خاوەنی سیاسەتێکی سەربەخۆیە، ئەنقەرە دەیەوێت لەو کارەی دەیکات لەریزبەندی یەکەمدا قازانجەکەی وەربگرێ، لەبەر ئەوە نووسینەکانی وڵاتان لەسەر تورکیا بەلای ئێمەوە ئەوەندە گرنگی نیە".
سیستمی بەرگریی ئاسمانی
سەبارەت بەھەڵسەنگاندنەکانی وڵاتان بۆ مەسەلەی زیادکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، گوڵ گوتی: پێشتر بەرێز ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیران روونکردنەوەی پێویستی لەم بارەیەوە داوە.
گوڵ لەدرێژەی گوتەکانیدا بەرگری لە بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێ: "شتێکی سروشتیە ھەر دەوڵەتێک بەدوای بەدەستھێنانی بەرژەوەندیی خۆیدا بێ، تورکیا ھەموو کاتێک گرنگی بە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ وڵاتان دەدا، رێکەوتن لەسەر مەسەلەی بەرگریی موشەکی لەچوارچێوەی ئەم سیستمەدا پێویستی بەکاری تەکنیکی زۆر ھەیە، سەرجەم ئەم کارانە گفتوگۆیان لەسەر کراوە، لەم نێوەندەشدا تورکیا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیدا دەگەڕێ، ھەروەھا وڵاتانی ناتۆش لەم جۆرە بیرکردنەوانەیان ھەیە".