Övünç Kutlu,Gülşen Çağatay
09 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2020
ئەنقەرە-AA
رۆژی هەینی نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت لە سەرەتای رۆژەکەدا،٥۰ دۆلار و ٤٥ سەنت بوو، بەڵام لە کۆتایی رۆژەکەدا، بۆ ٤٥ دۆلار و ۲۷ سەنت دابەزی و لە کاتژمێر نۆی بەیانیدا بەراورد به ئێوارەی هەینی، نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت سەدا ۲٦،۷ کەمی کرد و بۆ ۳۳ دۆلار و ۲۰ سەنت دابەزی.
هەروەها نرخی بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بۆ ۲۹ دۆلار و ٤٦ سەنت دابەزی.
شەوی رابردووش نرخی بەرمیلێك خاوی برێنت بووە ۳۱ دۆلار و ۲۷ سەنت و نرخی بەرمیلێک خاوی رۆژئاوای تێکساس بۆ ۲۷ دۆلار و ۳٤ سەنت دابەزی. بەمشێوەیەش هەردوو جۆرەکەی نەوت لە دوای ۱۲ شوباتی ۲۰۱٦وە کەمترین نرخیان تۆمار کرد.
بەبێ ئەنجام کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت "ئۆپێک" و وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە دەرەوەی رێکخراوەکە، کاریگەری هەبوو لەسەر ئەم دابەزینەی نرخی نەوت.
لە کۆبوونەوەکەدا وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک کە سعوودیە رابەرایەتییان دەکات پێشنیازی کەمکردنەوەی ۱،٥ ملیۆن بەرمیل بەرهەمی نەوتی رۆژانەیان کرد، بەڵام وڵاتانی دەرەوەی ئۆپیک کە رووسیا رابەرایەتییان دەکات ئەم پێشنیازەیان پەسەند نەکرد، هەربۆیە کۆبوونەوەکە دوای حەوت کاتژمێر بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.
لە لایەکی دیکەشەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری کردە سەر گەشەی ئابووری جیهان و بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و بەمهۆیەشەوە نرخی نەوت بەردەوامە لە دابەزین.