ھەولێر
دەستەی وەبەرھێنان و یەکێتی وەبەرھێنان و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان، دەیانەوێ ئافرەتان لە کەرتی وەبەرھێناندا چالاکی زیاتریان ھەبێ.
کۆمەڵەی خانمانی کارسازی کوردستان لە ھەولێر سیمینارێکی بۆ نوێنەرانی دەستەی وەبەرھێنان و یەکێتی وەبەرھێنان و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێم بە ئامادەبوونی نزیکەی ٣٠ ئافرەتی کارساز رێکخست.
لەوبارەیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی خانمانی کارسازی کوردستان فەردا جەمیل پاشا بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند، مەبەست لە سیمینارەکە بەشداری زیاتری ئافرەتانە لە کەرتی وەبەرھێنان.
فەردا جەمیل پاشا ئاماژەی کرد کە دەیانەوەی ئەو سەرمایەی ئافرەتان ھەیانە چ بە تاک یان بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکتردا بێ، بیخەنە ناو پڕۆژەی وەبەرھێنانەوە، "چونکە ئەوە کاریگەری زۆر باش لەسەر ئابووری ئافرەت دروستدەکا."
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ٤٨ ئەندامی کۆمەڵەکە خاوەنی کۆمپانیای خۆیانن و لە بواری خۆیاندا سەرکەوتووبوونە، بەڵام ئومێدی ئەوان ئەوەیە دوای کاری کۆمپانیایی، ئافرەتان زیاتر وەبەرھێنان بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرھێنانی ھەولێر بە وەکالەت نەورۆز مەولود لە میانی سیمینارەکە گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی کرد کە ژمارەیەک ئافرەت کاری وەبەرھێنان دەکەن، بەڵام ئومێدی ئەوان زیاترە و گوتی: "یاسای وەبەرھێنان ئاسانکاری تەواوی کردووە و ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئافرەتان تا بێنە کەرتەکەوە."
نەورۆز مەولود لە لێدوانێکیشدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سیمینارەکەی بە "زۆر گرنگ" لەقەڵەم دا و گوتی: "رۆڵی ئافرەتان دەردەخا."
ناوبراو لەبارەی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی لە ھەرێمی کوردستاندا وەبەرھێنانیان لە کۆی قەبارەی وەبەرھێنان کە زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە کردووە، گوتی: "ئافرەتان تا رێژەیەک بەشدارییان ھەیە لە وەبەرھێنان، زیاتر لە سی پڕۆژەیان ھەیە لە ھەرێم، نزیکەی ٢٠ی لە ھەولێر و دەوروبەرییەتی، زۆر سەرکەوتووبوون لە کارەکانیان و چاوەڕوانی زیاتریان لێدەکەین."