ئەنقەرە
تانەر یڵدز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، سەبارەت بە پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و راوەستانی یەکێ لەو کەشتیانەی نەوتەکەی هەڵگرتووە لە کەناراوەکانی دەریای رەش. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەو نەوتە نەوتی تورکیا نییە و موڵکی عێراقییەکانە. بۆیە داھاتی ئەو نەوتە ھی خۆیانە. ئەو نرخەی بۆ گواستنەوە وەردەگیرێ لە بەرامبەر ئەو داھاتەدا زۆر کەمە، ئێمە ھیچ پەیوەندییەکمان بەوەوە نییە کە ئەو نەوتە بە کێ یا چۆن دەفرۆشرێ، کاری ئیمە بارکردن و گواستنەوەیەتی جا دەیانەوێ بە هەر وڵاتێکی بفرۆشن بە ئەمریکابێ یان بە چین یان بە ئەوروپا، ھیچ پەیوەندییەکی بە تورکیاوە نییە."
یڵدز هەروەها گوتی: "ئەو داھاتەی لەڕێی فرۆشتنی نەوتەوە دەست عێراقییەکان دەکەوێ، بەگوێرەی ئەو سیستمەی هەیان دابەشی دەکەن، بۆیە ئەو قسانەی لە لایەن کاربەدەستانی عێراقەوە بە تورکیا دەگوترێن، ھیچی راست نییە و مایەی قبوڵکردنیش نییە. تورکیا رۆلی باش دەگێڕێ بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتە و بەردەوامیش دەبێ."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی عێراق لەڕێی یۆنانەوە تا شوێنی تورکیا بگرێتەوە، یڵدز گوتی: "دنیا زۆر گەورەیە و ھەموو کەس پڕۆژەی ھەبێ دەتوانێ جێبەجێی بکا، ھەر وەکچۆن لە چوارچێوەی سیاسەتی وزەدا تورکیا ھەوڵدەدا ببێتە پێشەنگ ولاتانی دیکە دەتوانن ئەو هەوڵە بدەن و مافی کەس نییە کۆسپ بخاتە بەردەم وڵاتانی دیکە بۆ وەگەڕخستنی پرۆژە ستراتیژییەکانی."