Zana Natık Kerem
08 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2019
واشنتۆن ــ AA
دوای رێککەوتنی ھەردوو وڵات لەبارەی کۆچبەرانەوە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە، سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلە ھاوردەکراوەکانی مەکسیکدا ھەڵوەشاندووەتەوە.
بەپێی رێککەوتنەکە، سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی کە لە مەکسیکەوە چوونەتە ئەمریکا و داوای مافی پەنابەرییەتییان کردووە، دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان.
دۆناڵد ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "خۆشحاڵم بەوەی پێتان رابگەیەنم کە ئەمریکا و مەکسیک لەبارەی کۆچبەرانەوە گەیشتن بە رێککەوتنێک".
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا نووسیوویەتی، "لەبەر رێککەوتنەکە، سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلە ھاوردەکراوەکانی مەکسیکدا تا کاتێکی نادیار ھەڵدەوەشێننەوە".
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بڵاوکردەوە و روونیکردووەتەوە کە بەپێی رێککەوتنەکە، مەکسیک رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر لەھەمبەر کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە مەکسیکەوە بەرەو ئەمریکا کۆچ دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشداوە کە ھەر بەپێی رێککەوتنەکە، سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی کە لە مەکسیەوە چوونەتە ئەمریکا و داوای مافی پەنابەرییەتییان کردووە دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکەیان.
لای خۆیەوە سەرۆکی مەکسیک، ئەندرێس مانوێل لۆپێز ئۆبرادۆر، لە تویتێکدا ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و نووسیوویەتی: "بە پشتیوانی ھەمووە مەکسیکییەکان، توانیمان خۆمان لە باجی گومرگیی دوور بخەینەوە کە بڕیاربوو لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر کەلوپەلە ھاوردەکراوەکانی مەکسیکدا بسەپێندرێت".
لە کۆتایی مانگی رابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو ئەگەر مەکسیک سنوورێک بۆ کۆچبەران دانەنێت، بە رێژەی پێنج لەسەدا باجی گومرگی بەسەر کەلوپەلە ھاوردەکارکراوەکانی ئەو وڵاتە دەسەپێنێت.