Zana Natık Kerem
18 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2017
نەینەوا ــ AA
لە میانی ئۆپەراسیونی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵدا، سەدا ٨٠ی ژێرخانی شارەكە وێران بووە و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە کە مووسڵ بە شارێكی كارەساتبار بناسێنێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، دوای ئۆپەراسیونێكی فراوان كە هەشت مانگی خایاند، هێزە عێراقییەكان بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش توانیان تەواوی شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
ــ وێرانكاریەكی گەورە
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، حوسامەددین عەبار رایگەیاند كە ژێرخانی مووسڵ زۆر وێران بووە بە تایبەتیش لە بەشی راست، ئەو نموونەشی لەسەر وێرانكارییەكە هێنایەوە و ئاماژەی بەوە دا كە چوار نەخۆشخانەی سەرەكی لە بەشی راستی مووسڵ هەبوون كە هەر چواریان بە تەواوی وێران بوون.
حوسامەددین عەبار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر گوتی: "پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە بەشی راستی مووسڵ لەگەڵ وێستگەی كارەبا بە تەواوی وێران بوون و بۆ دووبارە بەكارخستنەوەیان، ٥٠ ملیۆن دۆلار پێویستە".
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی لەوەش كرد كە سەدا ٢٥ی قوتابخانەكان و سەد لەسەدی ناوەندەكانی بازرگانی و ناوچە پیشەسازییەكانی شارەكە وێران بوون.
ــ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویستە
بە مەبەستی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی شاری مووسڵ، حكوومەتی عێراق پلانێكی داناوە كە ماوەی ١٠ ساڵ دەخایەنێت و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەهرا هینداوی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە ئەو بڕە پارەیەی بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ پێویستە بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەڵمێندراوە.
عەبد زەهرا هینداوی گوتیشی: "لە ئێستادا بۆ بەدەستهێنانی ئەو ١٠٠ ملیار دۆلارە پشتمان بە بەستنی ئەو كۆنگرە نێودەوڵەتییە بەستووە كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا لە كوێت سەبارەت بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان ببەسترێت".
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتیشی: "بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكان، پێویستیمان بە پشتیوانی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە".
ناوبراو گوتیشی: "دوای راگەیاندنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ، قۆناغی دووبارە سەقامگیربوونەوەمان دەستپێكرد كە دووبارە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان لە خۆ دەگرێت و دوای ئەوەش دەست بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ دەكەین كە ماوەكەی ١٠ ساڵە".
عەبد زەهرا هینداوی باسی لەوە كرد كە پلانەكە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەكەم لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ ـ ٢٠٢٢ و قۆناغی دووەمیش لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٧ جێبەجێ دەكرێت كە تێچووی هەردوو قۆناغەکە ٥٠ بۆ ١٠٠ ملیار دۆلاری پێویستە.
ــ شارێكی كارەساتبار
سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نازم ساعدی رایگەیاند كە مووسڵ بە تەواوی شارێكی كارەساتبارە چونكە سەدا ٨٠ی وێران بووە و لەم كاتەدا ئەو پێشنیازە پێشكەش بكرێت كە مووسڵ بە شارێكی كارەساتبار بناسرێت و ئەنحوومەنی نوێنەرانی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدات بۆ ئەوەی وەزارەتە پەیوەندارەكان ناچار بن بە خێرایی كار بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی مووسڵ بكەن.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، نازم ساعدی گوتی: "حكوومەت ئەو توانایەی نییە كە بە پارە قەرەبووی ئەو كەسانە بكاتەوە كە خانووەكانیان رووخاون، بەڵام لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە، خانووەكانیان بۆ دروست دەكاتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا كە ژێرخان و خانوویەكی زۆری هاووڵاتی مەدەنی لەگەڵ ژمارەیەك لە شوێنەوارەكانی مووسڵ بە هۆی تەقینەوەكانی داعش خاپوور بوون لەوانەش مزگەوتی نوری و مەنارەی حەدەبا.
لە ١٠ی ئەم مانگە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری مووسڵی راگەیاند كە لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا كەوتبووە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش.