نەینەوا
لە دوای هاتنی بۆ نێو پارێزگای مووسڵ و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارە و چەند شار و ناوچەیەكی دیكەی عێراق، داعش 1111 منداڵی چەكدار كردووە، دوای ئەوەی مەشق و ڕاهێنانی پێ كردوون و لە سەر بیر و هزری توندڕەوی ڕایهێناون.
ئەندامی فەرماندەیی هێزی پێشمـەرگە لە میحوەری بەعشیقە سەعید مەموزینی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەكدارانی داعش لە پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی دیكەی عێراق 1111 منداڵیان رفاندووە و لە سەربازگەیەكی تایبەت نزیك بە مووسڵ، رۆژانە مەشق و راهێنانیان لە سەر كوشتن ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی پێدەكات".
ئەو گوتیشی: "پێش ئەوەی ئەو منداڵانە لەو سەربازگە تایبەتییە كۆبكرێنەوە لە نزیك مزگەوت و قوتابخانەكانی ئاینیی، مێشكیان بەئایدۆلوجیای توندڕەوی خۆیان پردەكەن و دەیشۆنەوە".
مەموزینی زیاتر گوتی: "بۆ ئەوەی منداڵەكان تەواو رابێنن لەسەر شێوازەكانی شەڕكردن، بەیانی زووی دوێنێ دووشەممە داعش 41 چەكداری راكردووی بەو منداڵانە گوللەباران كردووە".
زۆربەی ئەو كەسانەی كە ئێستا هەڵدەستن بە ئەنجامدانی كردەی خۆكوژی، منداڵی هەرزەكارن و تەمەنیان لەنێوان چواردە بۆ شازدە ساڵ دایە.
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی مووسڵ لە سەربازگەی (رزگاركردنەوەی مووسڵ) رائید مازن حەمدانی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ئەو منداڵانەی كە چەكدارانی داعش مەشقیان پێدەكات ، بەشێكیان منداڵی پێكهاتەكانی دیكەن و موسڵمان نین و هەروەها بەشێكی دیكەشیان منداڵی بێسەرپەرشت و بێ دایك و باوكن و دوورن لە كەس و كاریان".
حەمدانی روونیشكردەوە كە رۆژانە داعش ئەو منداڵانە كە ژمارەیان زیاتر لە هەزار منداڵ دەبێت و تەمەنیان لە نێوان نۆ ساڵی تا خوار هەژدە ساڵی دایە، لەسەر بیر و هزری توندڕەوی و كوشتن مەشقیان پێدەكات .
بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی مووسڵ لەكۆتاییدا ئاماژەی داكە بەهۆی كەمبوونەوەی ژمارەی كەسانی خۆكوژ، داعش سوودی زۆری لەو منداڵە هەرزەكارانە وەرگرتووە و بەشێوەیەك زۆربەی ئەوانەی كە ئێستا هەڵدەستن بە ئەنجامدانی كردەی خۆكوژی، تەمەنیان لەنێوان چواردە بۆ شازدە ساڵی دایە.