Muhammet Ali Kemal
19 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2017
عەنتاب- AA
بەرهەمهێنەرانی هێلکەی عەنتاب مانگانە بە بەهای سێ ملیۆن دۆلار هێلکە بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەرووی هەمووشیانەوە بۆ عێراق دەنێرن.
ژمارەی گێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر لە عەنتاب کە لە ساڵی ٢٠١٠دا هێندە کەم بوو، وەک ئەوە وابوو کە نەبن، دواتر و لە رێگەی ئەو کێڵگانەی بە پێی ستانداردەکانی یەکێتیی ئەورووپا درووستکران، ژمارەیان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
لەو کێڵگانەدا، رۆژانە سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هێلکە بەرهەم دەهێنرێت و بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەرووی هەمووشیانەوە بۆ عێراق دەنێرن. داهاتی هەناردەکردنی هێلکە لە شارەکەوە، مانگانە سێ ملیۆن دۆلارە.
سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی هێلکە لە عەنتاب، کەنان ئویگور لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد بازاڕی هێلکە لە عەنتاب بە شێوەیەکی خێرا لەدوای ساڵی ٢٠١٠ەوە گەشەیکردووە.
کەنان ئویگور باسی لەوەکرد تا ساڵی ٢٠١٠ رۆژانە ٣٥٠-٤٠٠ هەزار هێلکەیان بەرهەم هێناوە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٠ەوە ئەو ژمارەیەیان بۆ ١٠ هێندە بەرزکردووەتەوە.
ئویگور ئاشکرای کرد رێژەی لەسەدا ٦٠-٦٥ی ئەو هێلکانەی کە لە گێڵگەکانی سەر بە یەکێتییەکەیان بەرهەم دەهێنرێت لە ناوخۆی تورکیادا دەفرۆشرێت و ئەوەشی کە دەمێنێتەوە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت و زۆرینەی بۆ عێراق دەنێردرێت.
سەرۆکی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی هێلکە لە عەنتاب رایگەیاند ''ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەرهەممان بۆ هەشت تا نۆ ملیۆن هێلکەی رۆژانە لە رێگەی ١٠ ملیۆن مریشکی هێلکە بەرز بکەینەوە و بەو شێوەیەش داهاتی مانگانەمان لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار- سێ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ١٠ ملیۆن دۆلار بەرز بکەینەوە''.