ھەولێر
گەشەی ئابوری و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی شاری ھەولێر وایکردوە رۆژ لەدوای رۆژ گەشتی ھاتن و رۆیشتن و ھێڵە ئاسمانییەکانیان زیاتر بن، لە ئێستا ژمارەی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر رۆژانە ٣٥٠٠ گەشتیارە و مانگانەش دەگاتە ١٠٠ ھەزار گەشتیار.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر تەلار فایەق گوتی: " لە ھەولێرەوە راستەوخۆ بۆ ١٧ وڵاتی عەرەبی و تورکیا، ئێران و وڵاتانی ئەوروپا گەشت ئەنجام دەدرێ و ھەروەھا بە رێگەی ترانزێتیش گەشت بۆ ٢٩ وڵاتی دیکە دەکرێ و ھەروەھا بەشێوەیەکی بەردەوام ٣٢ ھێڵی ئاسمانی لەفرۆکەخانەکەمان کار دەکەن."
ناوی تەواوی بەڕێوەبەری گشتی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر تەلار فایەق ساڵحە تەمەنی ٤٧ ساڵە و خەڵکی سلێمانیە لە دوای ساڵی ٢٠١٠ وەک بەڕێوەبەری گشتی دەست بەکاربووە.
ھەرچەندە تەلار لە روناکی ژوورەکەی رازی نیە، کەچی ژوورەکەی لەڕووی رووناکی و جوانکاری و ھەڵبژاردنی کەرەستەی ناو ژوور و ئامێرەکانی تر لە ھۆڵێ نمایشکردنی وێنەو تابلۆ دەچێ. لەپشت مێز و کورسی دانیشتن، لەلای راست وێنەی ئیدریس بارزانی کوڕی مستەفا بارزانی ھەڵواسیوە. لە چەپەوە وێنەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی داناوە لەناوەڕاستیش وێنەیەکی رەشوسپی مستەفا بارزانی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی شۆڕشی رزگاری خوازی کوردە بەگەورەی لەناو پێشانگای وێنەکان داناوە لەگەڵ ھەیکەلی چەند فڕۆکەیەک.
تایبەتمەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵ’تیھەولێر ئەوەیە کە رووبەرەکەی ٥٠ کیلۆمەتر دەبێ و گۆڕەپانی ھەڵفڕین و نیشتنەوەی فرۆکە لە ریزبەندی حەوتەمینە لەجیھان و لەئاست وڵاتانی ناوچەکە دووەمە، ھەروەھا جێگەی ٣٠ فڕۆکە تێدا دەبێ، گۆڕەپانی ھەڵفڕینی بەشێوەیەکە فڕۆکەی Airbus و A٣٨دەتوانن تێیدا بنیشنەوە بۆیە نازناوی نێودەوڵەتی پێبەخشراوە.
لەئێستا ئەم فڕۆکەخانەیە لەشارێکی قەرەباڵغ دەچێ، بیست و چوار سەعات کراوەیە و ھاتووچۆی تێدا دەکرێ. بۆ چوونە ناو فرۆکەخانە ھاوڵاتییان بەدووقۆناغی پشکنین تێپەڕدەبن تەنانەت جزدانی پارە و قایشی پانتۆڵیش بەژێر کۆنترۆڵدا تێدەپەڕێ.
تەلار فایەق لەگفتوگۆیەکی لەگەڵ AA رەتیکردەوە تەقینەوەکانی مانگی ئەیلولی ئەمساڵی ھەولێر کاریگەریی بۆ زیادکردنی خاڵی پشکنین و فشار خستنە سەر گەشتیار لەکاتی ھاتووچۆ ھەبووبێ و گوتی: "تەقینەوەکان کاریگەری لەسەر گەشتەکانمان نەبوو ھەرچەندە داوامانکرد گەشتەکان تۆزێک رابگرن، بەڵام گەشت ھەر بەردەوام بوو ئەو جۆری پشکنینەش ئێستا ھەیە بەپێی بارودۆخی ناوچەکەیە، جاری وایە ھەیە لە بەریتانیا پێڵاویان پێ داکەندووم."
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی ھەولێر بەبێ ئەوەی ھیچ داتاو ئامارێک بدات بەدەستەوە باس لەوە دەکات، بەردەوام حاڵەتی ساختەکاری ھەبووە. ھاوڵاتی بەجەوازی ساختە یان فیزای ناتەواوەوە دەستگیردەکرێن، یان ھەوڵدراوە بەڕێی نایاسایی پارە و ئاڵتون و ماددەی ھۆشبەر رەوانەی دەرەوە بکرێ، بەڵام دەستیان بەسەردا گیراوە.
لەھەرێمی کوردستان پاڵاوگەی تایبەت نیە بۆ بەرھەمھێنانی بەنزینی فڕۆکە، تا ئێستاش ھەرێم دەسەڵاتی ھێڵی ئاسمانی نیە، دەستەڵاتی ھێلەکان بەدەست بەغداوەیە و لەمبارەیەوە تەلار فایەق گوتی: "بێ دەسەڵاتی ئێمە بەسەر ھێڵی ئاسمانی ھەرێم وایکردەوە، داھاتە زۆرەکەی بۆ بەغدا بچێ و داھاتی ئێمەش تەنیا پارەی بەکرێ دانی شوێنەکان و کرێی وەستانی فرۆکەیە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ھەرێم. لەبارەی بەنزینی فرۆکەش حکومەتی ھەرێم کار لەوە دەکات، بڕیارە سوتەمەنی فڕۆکە لە جۆری A پلاس بەرھەم بھێنی، بەڵام نازانم ئەو پرۆژەیە گەیشتۆتە کوێ."
ھەولێر شارێکی دێرینی ھەرێمی کوردستانە و مێژووی ژیان لەم شارە بۆ شەش ھەزار ساڵی پێش زایین دەگەڕێتەوە، لەنەخشەدا دەکەوێتە ناوەڕاستی ھەرێمی کوردستان، شارەکانی دھۆک و کەرکوک و سلێمانی بەیەک دەبەستێتەوە. ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٠٠ ھەزار کەس دەبێ.
فڕۆکەخانەی ھەولێر تا ساڵی ١٩٩١ وەک فڕۆکەخانەی سەربازی لەلایەن حکومەتی سەدام حوسێن بەکار دەھێنرا. پاش راپەڕینی بەھاری کوردان لەم ناوچەیە و حوکمی خۆبەڕێوەبردن، فڕۆکەخانە بۆ ھیچ کارێک بەکار نەدەھێنرا و دوای رووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە کرایە فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی و بەشێوازی جیاجیا بۆ گەشتی ناوخۆی و دەرەوەی بەکار ھێنرا.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کۆمپانیای سکۆت ویلسنی بەریتانی دیزاینی فڕۆکەخانەی نوێی ھەولێری دانا و پاشان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی ھەرێم بڕی ٣٦٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ خەرجکرا و لەلایەن کۆمپانیای ماکیۆڵ جەنگیز بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەپێنج ساڵ نۆژەنکرایەوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا کرایەوە.
بەرزبوونەوەی رێژەی ھاتووچۆ و گەشتیار بۆ ھەولێر پلانی چوار ساڵی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکە ھەڵدەوەشێنێتەوە. لەوبارەوە تەلار فایەق گوتی: "پێوست بوو پاش چوار ساڵ گۆڕانکاری لەناو فڕۆکەخانە بکەین، بەڵام زۆری رێژەی گەشتیار وایکرد پلانێکی نوێ دابڕێژین و ئەمساڵ چەند گۆڕانکاریەک بکەین. دەمانەوێ ژمارەی خاڵی جەوازات و قایشی جانتا و دەروازەکان زیاد بکەین. لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەی کە لە لیستی پرۆژەکانی ساڵی ٢٠١٣ بۆ ساڵی ٢٠١٤ دایە، دەبێ خۆمان ئامادە بکەین چونکە ھەولێر دەبێتە پایتەختی گەشتیاری چاوەڕوان دەکرێ رێژەی گەشتیاری بگاتە ٣ ملیۆن کەس."