ئورفا
لە میانەی وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی ناوچەیی ھاریکاری پیشەسازی نێوان زانکۆکان, وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا نیھاد ئەرگون باسی لە گرنگی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا کرد و ئاشکرایکرد کە بە ھۆی بوونی تیرۆر و شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانەدا نەتوانراوە بە پێی پێویست سود لە ناوچە کوردیەکان ببینرێ.
ھەروەک رایگەیاند دیاربەکر و ئورفا کە ناوەندی رۆژھەڵاتی ناوەراستن خاوەنی وزەیەکی زۆرە و بەھۆی شەڕۆشۆرشەوە نەتوانراوە سود لەو وزەیە وەربگیرێت.
ئەرگون باسی لەوە کرد کە ھیچ کێشەیەک لەڕێگەی خوێنڕشتنەوە چارەسەر ناکرێ و گوتی: " دەبێ لە چوارچێوەی دیموکراسیدا ھەموولایەک قسەی خۆی ھەبێت چونکە دیموکراسی تاکەرێگەیە بۆ پێشکەوتنی وڵاتان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەرگون باسی لە قۆناغی ئاشتی کرد و رایگەیاند ئێستا بە قۆناغێکدا تێپەڕدەبین کە زەردەخەنە کەوتۆتە سەر لێوی ھەموو لایەک و گوتی: " ئاشتی خەزێنەیەکە و سەروەروی و خۆشگوزەرانی بۆ ھەموولایەک بەرجەستە دەکات. بەھۆی قۆناغی ئاشتیەوە وەبەرھێنان لەناوچە کوردنشیەکانی تورکیا لەڕادەبەدەر زیادیکردووە و سیستەمی ھاریکاری و ھاندانیش ھۆکارێکی دیکەی پێشوەچوونی وەبەرھێنانە لەو ناوچانەدا."
ئەرگون لە بەشێکی دیکەی ووتەکانیدا ئاماژەی بە گوتنی گۆرانی کوردی لە لایەن شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتڵیسسەوە لە دیاربەکر لە کاتی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ ئەوشارە کرد و گوتی: " ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەرکردنی کاسێتی گۆرانی بە زمانی کوردی قەدەغەبوو. گۆرانی کوردی ھیچ کاتێک وڵات دابەش ناکا ھەروەک چۆن گۆرانی وتن بە ئینگلیزی و فەڕەنسی ھیچ کاریگەریەکی لەسەر دابەشکردنی وڵات نییە، ئەی بۆ دەبێ گۆرانی وتن بە کوردی وڵات دابەش بکا؟"