Hemin Hüseyin
05 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 06 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، قۆناغی دووەمی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران دەستیپێکرد و لەم چوارچێوەیەشدا و بەپێی بەرنامەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما کە لە ساڵی ٢٠١٠ یاسای گەمارۆی گشتی ئێرانی واژوو کردووە، لەم یاسایەدا ئەو خاڵە پەسەندکراوە کە ھەر وڵاتێک هاوکاری یان بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکات، ئەوا تووشی سزادەبێت و پەیوەندیی دارایی لەگەڵ بازاڕی ئەمریکا دەبڕدرێت.
سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات رایدەگەیەنێت کە ئەم گەمارۆیە کاریگەرییەکی ئەوتۆ ناکاتە سەر بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەیش بەوە دەکات کە بازرگانان دەتوانن لە هەر حالەتێکدا ئاڵوگۆڕی بارزگانی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا و سعوودیە و لوبنان و وڵاتانی کەنداودا زیاد بکەن.
دارا جەلیل خەیات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هیوادارین کە ئەم گەمارۆیە کاریگەری خراپی نەبێت، ئێمەش پەیوەندیی بازرگانییمان لەگەڵ وڵاتی ئێراندا هەیە بە هاوردەکردنی کەولوپەلی خواردن و بیناسازی و مرۆیی شتی دیکە، پێموابیت ئەوانەش رێیان لێ ناگیرێت و لەهەر حاڵەتێکیشدا، هیوادارین بازرگانان لە رێی وڵاتانی دیکەوە پێداویستییەکان دابین بکەن".
دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "ئێمە سنوورەکانمان لەگەڵ وڵاتانی تورکیا و ئوردن و سعوویە و وڵاتانی کەنداو کرایەوە و هەرێمی کوردستانیش پابەندە بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق و هیوادارین لەم گەمارۆیە دەربازبین و زیانی بۆسەر هەرێمی کوردستان نەبێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو گەمارۆیەدا بکەن و پێیان وایە کە ئەم گەمارۆیە کاریگەری خراپی بۆ سەر هەرێمی کوردستان نابێت.
دوای رێککەوتنی تەمووزی ساڵی ٢٠١٥ی ئێران و وڵاتانی پێنچ + یەک، چاوەڕوان دەکرا کە سزاکان و گەمارۆکانی سەر ئێران کۆتایی پێ بێت، ئەو سزایانەی کە جیا لە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی، مێژوویان بۆ شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێران و بابەتی بارمتەگرتنی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تاران دەگەڕێتەوە.
بەم دواییەش سەرۆکی ئەمریکا، دوناڵد ترەمپ ھەر لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، ئەم رێککەوتنەی وەک خراپترین رێککەوتن لە مێژووی ئەمریکا ناوەزد کردبوو. بۆیەش ھەر لەسەرەتاوە رێککەوتنی تەمووزی ٢٠١٥ی خستە مەترسی ھەڵوەشانەوە و ھەر بەم ئاراستەیەشدا، دوای کۆتاییھاتنی دەرفەتی پێداچوونەوە و قبووڵنەکردنی پێداچوونەوە و چاکسازی لە رێککەوتنەکە لە لایەن ئێرانەوە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەشتی ئایاری ٢٠١٨، بە فەرمی کشانەوەی وڵاتەکەی لەو رێککەوتنە راگەیاند و بڕیاری گەڕانەوەی سزاکانی بۆ سەر ئێراندا.