جنێڤ
سەرۆكی كۆمیتەی یاسایی هاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هەیسەم ئەلمالح پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكانی راوێژكاری جنێڤ لە بارەی سووریاوە بە ئانادۆڵو گوتی: "بە جیا داوەت كردنی نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی سووریا بۆ كۆبوونەوەكان دەستی رژێمی سووریا بەهێزتر دەكات".
ئەلمالح گوتی: "نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریا ستافان دی میستوورا بە گشتی 400 كەسی لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بۆ ئەو كۆبوونەوانە داوەت كردووە".
ئەلمالح گوتی: "زیاتر لە 110 وڵاتی جیهان ئەنجوومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وەكو نوێنەری راستەقینەی گەلی سووریا دەناسن بۆیە داوەت نەكردنی نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی یەك تیمی هاوبەشدا رەخنە دەكەم".
ئەلمالح لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: "دی مستوورا خاوەن هەڵسووكەوتێكە كە نزیك لە رژێمی بەشار ئەسەدە، ئەگەر دی مستوورا نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن داوەت كردبایا ئەوا شاندی ئۆپۆزسیۆن لە بەرامبەر رژێم بەهێزتر دەبوو و لە جیاتی ئەوەی نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی یەك تیمدا داوەت بكرێن، بەجیا داوەت كراون و ئەمەیش دەبێتە هۆی بەهێزتر كردنی دەستی رژێمی بەشار ئەسەد و هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێ لە گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆن لە دوای كۆبوونەوەكانی جنێڤ بە نەرمی لە بەرامبەر مانەوەی ئەسەد هەڵوێست بنوێنن".
ئەلمالح لە بەردەوامی قسەكانیدا باسی رۆلی ئێرانی بۆ پشتگیریكردن لە رژێمی بەشار ئەسەد كرد و گوتی: "ئێران سووریای داگیركردووە و حاڵی حازر نزیكەی 60 هەزار چەكداری ئێرانی لە سووریان كە لە حزبوڵڵا، حوسییەكانی یەمەن، عێراق، پاكستان و ئەفغانستانەوە هاتوون".
ئەلمالح جەختی لەوە كردەوە كە رژێمی ئەسەد لاواز بووە و هێزی رابردووی لەدەست داوە و حاڵی حازر تەنیا سەدا 25ی خاكی سووریا لە دەستی رژێمدایە و رژێم لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر بێ هێز و لاواز بووە، ژمارەی سەربازانی رژێم كەمی كردووە، تەمەنی زۆربەی ئەوانەی كە بۆ رژێمی ئەسەد شەڕ دەكەن 17 ساڵە و ئەسەد داوای هاوكارییەكی پێنج ملیار دۆلاری لە ئێران كردووە بەڵام ئێران تەنیا یەك ملیار دۆلاری پێ داوە و وەكو بەردی شەترەنج یاری لەگەڵ ئەسەد دەكەن.
ئەلمالح لە بارەی چاوەڕوانی خۆی لە كۆبوونەوەكانی جنێڤەوە گوتی: "پێم وا نییە كە دی مستوورا سەركەوتوو بێت، ئەخزەر ئیبراهیمی، كۆفی عەنان و كۆمكاری عەرەبی سەركەوتوو نەبوون، لە وڵات كۆشتاری بە كۆمەڵ هەیە، زیاتر نیوەی دانیشتوانی وڵات ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە، زیاتر لە سێ ملیۆن ماڵ وێران كراون و 300 هەزار كەس دەستگیر كراون. ئەوەی لە سووریا روو دەدات كۆشتارێكی بە كۆمەڵە.