Mücahit Aydemir
21 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2020
تەرابلوس - AA
كۆميسيۆنى نيشتمانى مافەكانى مرۆڤى ليبيا، ئاشكرايكرد دوو مليۆن كەس لە وڵاتەكەدا پێويستييان بە هاوكارى مرۆيى خێرا هەيە.
بە گوێرەى ئەو روونكردنەوەیەی كە كۆميسيۆنەكە بەبۆنەى ١٩ى ئاب رۆژى جيهانى بۆ هاوكارى مرۆيى بڵاويكردووەتەوە، تیایدا ئەوە خراوەتە روو ژمارەى ئەو كەسانەى كە بەهۆى پێكدادانە چەكدارييەكانەوە زيانييان بەركەوتووە زۆر زياديكردووە و لەسەرانسەرى وڵاتەكە زياتر لە دوو مليۆن كەس پێويستيان بە هاوكارى مرۆيى هەيە.
روونكردنەوەكە جەختى لەوە كردەوە كە ژمارەى ئەوانەى كە لە شەڕەكە كاريتێكردوون و ئەوانەى پێويستيان بە هاوكارى مرۆييە بەبەردەوام لە هەڵكشاندايە.
كۆميسيۆنى نيشتمانى مافەكانى مرۆڤى ليبيا، كە رێكخراوێكى كۆمەڵگەى مەدەنييە، لە روونكردنەوەكەيدا، داواى لە لايەنەكانى ليبيا كردووە كە رێز لە كارى ئەو رێكخراوە ناوخۆيى و نێودەوڵەتييانە بگرن كە هاوكارى مرۆيى پێشكەش دەكەن و خۆيان لەو چالاكييانە بەدوور بگرن كە رێ لە كارى تيمە پزيشكى و هاوكارييەكان دەگرێت و پاڵپشتى پێويستيان پێشكەش بكەن.