Heman Hussein Yaseen
12 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2026
چاندنی برنج وەک یەکێک لە بەرھەمە کشتوکاڵییەکان، پڕۆسەیەکی وردە و پێویستی بە چاودێری بەردەوام ھەیە و لە ئێستاشدا کە وەرزی چاندنی برنجە لە ھەندێک ناوچەی ھەرێمی کوردستان و، جووتیاران دەستیان بە پڕۆسەکە کردووە.
لە سنووری قەزای ئاکرێی سەربە پارێزگای دھۆک، وەرزی چاندنی برنج دەستی پێ کردووە و لەم ناوچەیەدا چەند جۆرێک برنج دەچێندرێت و کاتی چاندن و دروێنەکردنی ھەر جۆرێکیان جیاوازە.
بۆ چاندنی برنج، زەوییەکە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە دەکێڵدرێت و پاشان دەکرێتە چەند گۆل (حەوز)ێک بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام ئاوی لەسەر بمێنێتەوە و ئینجا جووتیاران دەست دەکەن بە چاندنی تۆوی برنجەکە.

لە ھەرێمی کوردستان، شێوازی نەریتی چاندنی برنج زیاتر باوە، لەم شێوازەشدا جووتیاران لە ڕێگای دەستەوە ڕاستەوخۆ تۆوەکە بە زەوییە ئاودارەکەدا بڵاودەکەنەوە و پاشان بەو شێوەیە دەمێنێتەوە و چاودێریی دەکرێت تا ئەو کاتەی دەگاتە نزیک وەزی دروێنەکردن.
جووتیارێک لە گوندی ماندیان لە قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک، نزیکەی ٢٠ دۆنم زەویی ئامادەکردووە و لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بەشێوەی هەرەوەزیی خەریکی چاندنی تۆوی برنجی شەش مانگیی و تەحالفن و لە بەیانییەکی زووەوە دەستیان بە کارەکەیان کردووە و بەسەر گۆل و حەوزەکانی زەوییەکە دابەشبوونە و خەریکی چاندنن.
جووتیار، میکائیل حاجی ساڵح لەبارەی کارەکەیانەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە زووتر زەوییەکە ئامادە دەکەین و لە دوای هەفتەی یەکەمی مانگی ئایار دەست بە چاندنی برنج دەکەین، بۆ ئەم مەبەستەش زەوییەکە دابەش دەکەین بەسەر چەند گۆلێکدا و پڕیان دەکەین لە ئاو، چونکە برنج پێویستی بە وەرگرتنی ئاوی بەردەوام هەیە، ئینجا تا وەرزی پێگەیشتن چاودێریی دەکەین".
میکائیل حاجی ساڵح گوتیشی: "ئەمساڵ دوو جۆر برنجمان چاندووە، جۆری شەش مانگیی و جۆری تەحالف، ئەوەی زیاتر بووەتە گرفت لەبەردەم کارەکانی ئێمە، گواستنەوەی ئاوە لە زێی گەورە لە نزیک گوندەکەمان چونکە لە ڕێگای ئامێری غەتاس دەیگوازینەوە و پێویستی بە کارەبای بەردەوام هەیە کە هەندێکجار لەوەیان تووشی گرفت دەبین و لەم حاڵەتەشدا خەرجی زیاترمان دەکەوێتە سەر".

لەگەڵ گرنگیی چاندنی برنج بۆ پشتگیریی بەرھەمی ناوخۆ و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ، جووتیاران داوای زیاتر دەکەن بۆ وەرگرتنی پاڵپشتیی حکوومی، بە تایبەتی لە بواری دابینکردنی کارەبا، دەرمان و پێداویستییە کشتوکاڵییەکان. بە پێی قسەی ئەم جووتیارە، ئەگەر ئەم پاڵپشتییانە بەردەست بکرێن، دەتوانرێت بڕ و کوالێتیی بەرھەمی برنج زیاتر بکرێت و خەرجییەکانی بەرھەمھێنان کەم بکرێنەوە.
لەمبارەیەوە میکائیل حاجی ساڵح گوتی: "ئەمساڵ دوو هەردوو جۆری برنجی شەش مانگی و تەحالوفمان لەسەر ڕووبەری ٢٠ دۆنم چاندووە، دەبێت بەردەوام چاودێریی بکەین چونکە هەندێکجار پێشکە و شۆکە لێیدەدا و دەبێت زوو دەرمانیان بکەین، لەم ڕووەوەش حکوومەت هیچ پاڵپشتییەکمان ناکات و لەسەر گیرفانی خۆمان دەرمان و کیمیا و پێداویستییەکانی دیکە دابین دەکەین ئەمەش وا دەکات تێچووی چاندن و پێگەیاندنی برنجەکە زیاد بکات".

بەهۆی ئەوەی برنج پێویستییەکی زۆری بە ئاو هەیە و ئەمساڵیش ڕێژەی بارانبارین بەراورد بە پارساڵ زۆر زیاتر بووە و ئەمەش بووەتە هۆی باشتربوونی دۆخی چاندن و لەمبارەیەوە میکائیل حاجی ساڵ گوتی: "کەمی ئاو زۆر کاریگەریی لەسەر برنج هەیە و ئەمساڵ بەهۆی زۆری بارانبارینەوە دۆخی چاندن زۆر باش بووە و ئەمساڵیش خواستێکی زیاتر لەسەر برنجی کوردی هەیە لە بەراورد بە پارساڵ، هەروەها ئەمساڵ نرخەکەشی دابەزیووە".
لەبارەی نرخەکەشەوە، میکائیل حاجی ساڵح گوتی: "ئێمە مامەڵەیەکمان هەیە پێی دەڵێین (وەزنە)، برنجەکەمان بە وەزنە دەفرۆشین، کێشی وەزنە ١٩ کیلۆیە و وەزنەیەک برنجی تەحالف بە ٣١ هەزار دینار دەیفرۆشین هەروەها جۆری شەش مانگی بە ٥٠ تا ٦٠ هەزار دینار دەفرۆشین".
لە ئێستادا جووتیارانی ناوچەکە ھیوادارن کە ئەمساڵ وەرزێکی سەرکەوتوو تۆمار بکەن، بە تایبەتی دوای ئەو بارانە زۆرەی کە لەمیانی ئەمساڵدا باریووە، ھەروەھا ئومێدیان وایە خواست لەسەر برنجی کوردی ھەر بەردەوام بێت، چونکە ئەم بەرھەمە بە کوالێتیی بەرز و تامە تایبەتییەکەی ناسراوە و دەتوانێت زیاتر جێگای برنجی ھاوردە بگرێتەوە لە بازاڕە ناوخۆییەکان.