Heman Hussein Yaseen Yaseen
01 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند کە هێشتا بەرکەوتەی ئەوان لە پۆستەکانی بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان یەکلایی نەبووەتەوە و ئاشکرایشی دەکات کە دەسەڵات دراوە بە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بڕیاری کۆتایی.
عەلی حەمە ساڵح لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێشتا پۆستەکان یەکلایی نەبووەتەوە و لە چەند رۆژی ئایندەدا سەرەتا بریکارەکان دەستبەکار دەبن و دواتر بەڕێوەبەر گشتییەکان دادەندرێن و ئێستا دەسەڵات دراوە بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و لەسەر بنەمایی لێهاتوویی کەسەکان یەکلایی دەبێتەوە و پۆستەکان خەڵکی شارەزا و تایبەتمەندی دەوێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پڕۆژەی چاکسازی و لێپێچینەوە لە سەروەت و دارایی بەرپرسان گوتی: "وەزیر هەیە بە شێوەیەکی نا ئاسایی زۆرە دەوڵەمەند بووە و ئەگەر لێپێچینەوە لە سەروەت و سامانی بکرێت ئەوا کارێکی باشە، بەشێک لە وەزیرەکانیش هەندێک ئۆتۆمبێل و موڵک و کەلوپەلی حکوومییان لایە و هیوادارین بیگەڕێننەوە".
عەلی حەمە ساڵح گوتیشی: "پڕۆژەیەکی چاکسازی هەیە کە لە ٢٤ ماددە پێک دێت، چاکسازی لە کۆی خەرجییەکانە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لیژنەیەکیان پێکهێناوە و چاکسازی گەورەی تێدایە لە خانەنشین، پێشمەرگەی دێرین، فەرمانبەران و سندوقی خانەنشین کە بڕیارە لە یەکی ئەیلوول بگاتە پەرلەمان".
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح گوتیشی: "گرنگ لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە، بەڵام پەسەندکردنی ئەو یاسایە لە سەرەتادا ئاماژەیەکی باشە و دەبێت دەرفەت بدەین بزانین لە سێ مانگی یەکەمدا چی دەبێت و نابێت جارێ پەلە بکەین".
لەبارەی پرسی گومرک و هاوردەکردنی بەشێک لەو کەلوپەلانەی کە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە قەدەغەکراوە، عەلی حەمە ساڵح گوتی: "کۆمەڵێک کێشەی گەورەی گومرکی هەیە کە سەرەڕای قەدەغەبوونی هاوردەی هێلکە، بەڵام لە سنووری باشماخەوە هێلکە بە زەبری هێز هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و حاسب بۆ گومرک نەکراوە، بە دوو جۆر لە فڕ و فێڵ هێلکە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، یەکێک ئەوەیە کە بەناوی تڕانزێتەوە گوایا بۆ سووریا دەچێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ساخدەکرێتەوە، یەکێکی دیکە ئەوەیە کە بەزەبری هێز هێلکە و شیش هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بێگومان ئەمەش لە رووی گومرکییەوە زیانی لە دارایی دەوڵەت داوە و لە رووی کارگەکانیش زیانی لە بازاڕ داوە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە دەسەڵاتی گومرک لە رواڵەتدا لە دەست حکوومەتی عێراق و لە ناوەڕۆک لەدەست حکوومەتی هەرێمدایە و لەمبارەیەوە گوتی: "من پێم وایە ئەوەی گومرکی بەڕێوەدەبات تەنها بە شێوەیەکی شکڵی حکوومەتی عێراقە، بەڵام لە بنەڕەتدا دەسەڵات لە دەست حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەوانەی دەسەڵاتییان هەیە دەتوانن کەلوپەلاکان داخل بکەن، پێش ماوەیەک نزیکەی ٩٠ کۆنتێنەر لە سنووری باشماخ بە زەبری هێز هاوردەی هەرێمی کوردستان کرا و هەمووشمان دەزانین هێز لە دەستی کێ دایە".