Heman Hussein Yaseen
22 ئەیلوول 2025•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2025
هەولێر - AA
بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە لە ئاکامی کۆبوونەوەکانی چەند مانگی ڕابردوودا، ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرھەمێنەری نەوت لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ڕێککەوتوون.
بەپێی زانیارییەکان ھەردوو وەزارەتی نەوتی عێڕاق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی ڕەزامەندیان لەسەر ڕێککەوتنەکە داوە و لە چەند کاتژمێری داھاتوودا بە فەرمی ڕادەگەیەندرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شاندێکی تەکنیکی نەوتی باکوور، بۆ ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت گەیشتوونەتە هەولێر و چەند کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم بابەتەیان ئەنجامداوە.
چاوەڕوان دەکرێت لەمەودوا ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٢٣٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و ٥٠ ھەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار بھێنێت.
لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێم ڕاگیرا کە ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە ھەرێم و ٧٥ ھەزار بەرمیلیش لە کەرکووکەوە، لە ڕێگای بۆڕییەوە ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرا.
بە پێی لێدوانێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی، ڕاگرتنی نەوتی هەرێم زیانی ٢٥ ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە.