Ebru Şengül Cevrioğlu
07 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2020
ئیزمیر- AA
دوێنێ نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٤١ دۆلار و ٢٢ سەنت و رۆژەکەی بە ٤٢ دۆلار و ٦٥ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ٠٩:٢٨ی ئەمڕۆ نرخەکە بە رێژەی سەدا ١،١٠ دابەزی و گەیشتە ٤٢ دۆلار و ١٨ سەنت.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٤٠ دۆلار و ١١ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
چاکبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەتای کۆرۆنا و دەرچوونی لە نەخۆشخانە، وای کرد نرخی نەوت بەرزببێتەوە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ وەستاندنی پاکێجی پشتیوانی کە چەندین مانگە لەگەڵ پارتی دیموکرات مشتومڕی لەسەر دەکات، جارێکی دیکە بووەوە هۆی دابەزینی نرخەکان.
بەگوێرەی گریمانەکانی ئەنستیتۆی نەوتی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو یەدەگەکانی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە ٩٥١ هەزار بەرمیل زیادی کردووە. لە کاتێکدا وا چاوەڕوان دەکرا ٤٠٠ هەزار بەرمیل زیاد بکات، ئەمەش هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی ئەو سووتەمەنییەیە.
لە لایەکی دیکەوە بەهۆی مانگرتنەکانی نەرویج، بەرهەمهێنان لە هەندێک کەرتدا وەستاوە، هەروەها زریانی کەنداوی مەکسیک کۆمپانیا نەوتییەکانی سەر دەریای ناچار کردووە کۆمپانیاکان چۆڵ بکەن و ئەمانەش هۆکاری دیکەی دابەزینی نرخەکانن.