Firdevs Yüksel
19 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا گەیشتە ٨٢ دۆلار و شەش سەنت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ ٨١ دۆلار و ٣٩ سەنت بەرزبووەوە و رۆژەکەی بە ٨١ دۆلار و ٢٤ سەنت تەواو کرد.
کاتژمێر ١٠:١٢ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بەڕێژەی ١،٠١ بەرزبوونەوە و نرخی بەرمیلێک خاوی برێنت گەیشتە ٨٢ دۆلار و شەش سەنت.
لە ھەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ٧٩ دۆلار و ١٩ سەنت فرۆشرایە کڕیاران.
دوێنێ چەند ھەواڵێک بڵاوبوونەوە کە باسیان لەوە دەکرد وڵاتانی گەورە بەکارھێنەری نەوت، وەک ئەمریکا، چین، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ھیندستان داوایان کردوە یەدەگەکانی نەوتیان بەکاربھێندرێن، ئەمەش بووە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت، بەڵام دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە دروست بوو کە ئەم ھەنگاوە کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر بازاڕ دەبێت، دووبارە نرخەکان بەرز بوونەوە.
لە مانگی ئەیلوولەوە تا ئێستا و بۆ کەمکردنەوەی فشاری گرانی ماددە خاوەکان لەسەر یەدەگە ناوخۆییەکان، چین یەدەگەکانی نەوت بەکاردەھێنێت، ئەمریکاش بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لەم پێشنیازەی چین کردوە بەڵام بە پاساوی ھەڵسەنگاندنی پێویستی بەکارھێنانی ناوخۆیی، تا ئێستا ھەنگاوی کرداری نەگرتووەتە بەر.
ژاپۆنیش ئەوەی ئاشکرا کردوە کە لەڕووی یاساییەوە مۆڵەتی ئەوەی نییە یەدەگەکانی نەوتی خۆی بخاتە بازاڕەوە.
بەڕای چاودێران ئەگەر ئەم وڵاتانە بە رابەرایەتی ئەمریکا، یەدەگەکانی نەوتی خۆیان بخەنەبازاڕە ناوخۆییەکانەوە، ئەوا کاریگەرییەکی کەمی لەسەر نرخی نەوت دەبێت.
ئەم ھەنگاوەی ئەمریکا وەک ھەڵمەتێک دژ بە رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە (ئۆپیک +) دەبیندرێت.
چونکە (ئۆپیک +) وێڕای داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ زیاد کردنی خستنەبازاڕی نەوت، لە کۆبوونەوەی چواری تشرینی دووەمدا بڕیاریدا لە چوارچێوەی ئەو پلانەی کە پێشتر رایگەیاندبوو، لە مانگی کانوونی یەکەمیشدا ئاستی زیاد کردنی بەرھەمھێنانی نەوت لە ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی رۆژانەدا بھێڵێتەوە.