Sarmand Hameed
19 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١ گەیشتە مەنامە پایتەختی بەحرێن.
مەسرور بارزانی، بەیانی ئەمڕۆ ھەینی، بە یاوەری شاندێکی حکوومی بەرەو مەنامە پایتەختی بەحرێن بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١ کە رۆژانی ١٩ تا ٢١ ی تشرینی دووەم، بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتکار و بیرمەند و خاوەنکار و کەسایەتیی ناسراوی جیھانی بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیھان دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، بڕیارە مەسرور بارزانی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا چەندین کۆبوونەوە و دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی و ئەورووپی و وڵاتانی عەرەبی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئەنجام بدات.
شاندی یاوەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە لە وەزیری کاروباری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل و وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی.