Heman Hussein Yaseen
01 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2021
هەولێر - AA
وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح رایگەیاند کە گرێبەستێکیان لەگەڵ تورکیا واژوو کردووە بەمەبەستی کڕینی کارەبا و گرێبەستەکەش لە کۆتایی مانگی رابردووەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ئەوەیشی خستەڕوو کە بەهۆی دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، نرخی کارەبا بەرزدەبێتەوە.
کەمال محەمەد ساڵح لە میانی مەراسیمی حەڤدەمین ساڵیادی کارەساتی یەکی شوبات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی گرێبەستەکەوە گوتی: "ئەم گرێبەستەمان لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٠ لەگەڵ تورکیا واژووکردووە و لە ٢٣ی تشرینی دووەم ٢٠٢٠دا گرێبەستەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە و لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا، ١٥٠ مێگاوات کارەبامان لە تورکیا وەرگرت".
وەزیری کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ھۆکارەکانی واژووکردنی گرێبەستەکە گوتی: "بێگومان بۆ ئەوەی دھۆک بەشە کارەبای خۆی وەربگرێت، پێویستە ١٥٠ مێگاوات کارەبا بەرھەمبهێنین، چونکە ئێستا بەگشتی سێ ھەزار و ٧٠٠ مێگاوات کارەبا دابەش دەکەین، بۆ ئەو ١٥٠ مێگاواتەی بۆ دھۆک کە دەبوو دابین بکرێت ئەوا دەبوو بە گاز دابینی بکەین و تێچووی ئەوەش مانگانە بڕی ١٦ ملیۆن دۆلاری پێویست بوو، بۆیە گرێبەستێکمان لەگەڵ تورکیا کردووە تا ئەو کاتەی بۆڕی غاز بۆ پارێزگای دھۆک دابین دەکرێت".
کەمال محەمەد ساڵح لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی وەزارەتی کارەبا لەسەر گرانبوونی نرخی کارەبا، نووسراوەکەی پشتڕاستکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە لەبەر ئەوەی گرێبەستی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان بە دۆلارە و نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار دابەزێنراوە، بۆیە نرخی کارەبا بەرز دەبێتەوە و گوتی: "نووسراوەکە راستە، چونکە عێراق بەهای دیناری بەرامبەر بەدۆلار دابەزاندووە و وەزارەتی دارایی ھەرێم بە ھەمانشێوە سەدا ٢٠ نرخەکانی بەرزکردووەتەوە لەسەر کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی وەک کار، ماس و قەیوان، هەروەها چەندین گرێبەستی دیکەش ھەمووی بە دۆلارە بۆیە ئەم رێژەیە بەرزکراوەتەوە".
نووسراوەکەی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، بە ژمارە ٥٢٢ لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەرچووە، بەپێی نووسراوەکە نرخی کارەبای حکوومی گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە بەجۆرێک بۆ کارەبای ماڵان و پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵی نرخەکان زیادکراون و لەم زیادکردنەشدا نرخی ٤٥٠ کیلۆوات بۆ ماڵان ١٨ دینار دەبێت کە پێشووتر ١٥ دینار بووە،
ھاوکات لە نووسراوەکەدا ئەوە روونکراوەتەوە کە بۆ فەرمانگەی حکوومییەکان ھەرکیلۆ واتێک ١٨١ دینار دەبێت کە پێشووتر نرخەکەی ١٥٠ دینار بووە و بۆ ھەریەک لە زەوییەک کشتوکاڵییەکان و ناوچە پیشەسازییەکانیش نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، هەروەها ئاماژەش بەوەکراوە کە ئەم بڕیارانە جێبەجێ دەکرێن دوای بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان.