Zana Natık Kerem
01 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2021
ھەولێر ــ AA
شاندی باڵای دانوستانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی کۆبوویەوە.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشھاتەکانی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ تاوتوێ کراوە.
باس لەوەشکراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، نوری مالیکی پشتیوانی خۆی دەبڕیوە بۆ ھەوڵەکانی گەیشتن بەڕێککەوتن.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی چارەسەركردنی پرسی بوودجە لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی عێراق، دوای ئەوەیش خۆتەرخانكردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی كێشە بنەڕەتییەكانی دیکەی وڵات بەتایبەتی مەترسی تیرۆر، سەرهەڵدانەوەی داعش و دۆسیە كەڵەكەبووەكانی ساڵانی رابردوو.