Heman Hussein Yaseen Yaseen
22 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2019
هەولێر - AA
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە یەکی ئەیلوولی ئەمساڵەوە هاوردەکردنی تەماتە قەدەغە دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، حوسێن حەمەکەریم رایگەیاند کە تا ئەو کاتەی بەروبوومی تەماتە پێداویستی ناوخۆ دابین بکات، کار ئەو بڕیارە دەکرێت.
حوسێن حەمەکەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بە مەبەستی پەرەپێدانی بەروبوومی ناوخۆیی و دڵنەواییکردنی جووتیاران بڕیارماندا، بە قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی تەماتە لە ١/٩/٢٠١٩ تا کاتێکی نادیار".
حوسێن حەمە کەریم گوتیشی: "ساڵانە بەرنامەی تایبەتمان ھەیە بەدانانت باجی گومرکی لەسەر بەروبوومی ھاوردەکراو لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومی ناوخۆییدا، بۆ ئەوەی بەروبوومی ناوخۆ بتوانێت کێبڕکی بکات لەگەل بەروبوومی ھاوردەکراو، بەڵام ئەمساڵ لەبەر نیگەرانیی و ئازارەکانی جووتیاران، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی بەروبوومی تەماتە و ھەرکاتێکیش زانیمان ئەو بەروبوومە لە بازاڕ کەمبووەتەوە و نرخی زیادی کردووە ئەو کات بڕیارێکی دیکە دەدەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە هەموو رێگایەک دەگرنەبەر بۆ ئەوەی بەروبوومی ناوخۆیی پەرەی پێبدرێت و گوتی: "یەکێک لەو پرسانە بابەتی بە پیشەسازییکردنی هەموو ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەیە و لە ساڵانی رابردووشدا دوو کارگەی لە قوتوونانی تەماتە لە شارەدێی هەریر و قەزای هەڵەبجە هەبوون و دیراسەی ئەوانە دەکەین تا بزانین کێشەیان چییە بۆ ئەوەی بەگەڕبخرێنەوە".
سەبارەت بەو بەروبوومانەی کە قەدەغەکراون جگە لە تەماتە، حوسێن حەمە کەریم گوتی: "نزیکەی ١٥ بەروبوومی سەوزە و شەش بەروبوومی میوەمان ھەیە و بەروبوومی ئاژەڵیش ھەیە و ھەمووی بەرنامەی بۆ دانراوە و قارچک بە یەکجاری قەدەغەکراوە و کارگەمان ھەیە کە پیداویستیمان پڕ دەکاتەوە و ساڵێک زیاترە قارچک نەھاتووەتە ھەرێمی کوردستان".
هاوکات کاسبکارێکی بازاڕی سەوزە و میوە فرۆشان، بەناوی ئیسماعیل محەمەد ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا بە هۆی زۆری تەماتە نرخی لە بازاڕەکان دابەزیووە و ئەمڕۆ یەک کیلۆگرام تەماتە بە ١٨٠ دینارە و پێویستە بەشێکی زۆری هاوردەکردنی بەروبوومەکان قەدەغە بکرێت چونکە بەروبوومی ناوخۆیی دەتوانێت پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە.
ئیسماعیل محەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تەماتە لە ئێران، تورکیا و سووریا دێتە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵام زۆرترینیان لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و لەئێستاشدا بە هۆی بوونی بەروبوومی ناوخۆیی، هاوردەکردنی تەماتە کەمبووەتەوە و رەنگە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی تەماتە تۆزێک گۆڕانکاری لە نرخی تەماتەدا بکات، بەڵام ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر بازاڕ نابێت، چونکە ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆگرام تەماتەی ناوخۆ ١٨٠ دینارە".