هەولێر
خۆپێشاندانی خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی لە هەولێر بە نیشانەی ناڕەزایەتی دژ بە دامەزراندنی كۆلێژی پزیشكی ئەهلی بەردەوامە.
نارەِزایەتییەكانی ئەو خوێندكارانە 20 رۆژی تێپەڕاند كە لەبەردەم نەخۆشخانەی كۆماری لە هەولێر بەڕێوەی دەبەن و وەك خۆیان دەڵێن، تا ئێستا هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتوووە.
ژیلوان مستەفا وەك نوێنەری ئەو خوێندكارە ناڕازیانە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: " 20 رۆژە بە هۆی كردنەوەی كۆلێژی ئەهلی پزیشكی لە یەكێك لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان مانمان گرتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەنێكی بەرپرس وەڵامی ئەو خواستەی ئێمەی نەداوەتەوە."
بە پێی لێدوانی ئەو خوێندكارە ناڕازییە، ئەوان پێیان وایە "كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی ئەهلی زیان بە كۆمەڵگا و بە تایبەتیش بە سێكتێری پزیشكی دەگەیەنێ."
خوێندكاران لەو مانگرتنەدا چەند لافیتەیەكیان بەرزكردبووە كە لەسەر یەكێكیان نوسرابوو: "بۆ ئەوەی ببیت بە قوتابی كۆلێژی پزیشكی پێویستی بە شەونخونی هەیە نەك دوو دەفتەر دۆلار."