hemn husain
31 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2016
شاندێكی بازرگانی كە پێكهاتبوو لە نوێنەرانی 30 كۆمپانیای بازرگانی لە وڵاتی توركیا، بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی یەكێتیی هاوردەکارانی هەرێمی ئاكدنیز تاریق جگەر، سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێریان كرد و كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ئەنجام دا.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دارا جەلیل خەیات لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی: "وەك دەزانن ئێمە پەیوەندییەكی بازرگانی و هاتوچۆمان لەگەڵ وڵاتی توركیا هەبووە لە ماوەی رابردوودا، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئاسانكاری زۆری كرد بۆ ئەوەی بتوانین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتی توركیا بەهێز بكەین لەگەڵ ئەوەشدا توركیا تاكە وڵاتە كە هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی ئەورووپا دەبەستێتەوە".
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ئاماژەی بە گۆڕینی سیستەمی پێدانی ڤیزای وڵاتی توركیا كرد بە هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و پێی وابوو كە ئەمە كاریگەری لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەكانیش درووست دەكات و گوتی: "پێشتر ئێمە كێشەی هاتوچۆمان نەبوو بە سوپاسەوە وڵاتی توركیا ئەو رێگایەی دابوو كە بەبێ ڤیزا سەردانی وڵاتی توركیا بكەین، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەو سیستەمەی گۆڕی و ئەوەش كاریگەری لەسەر پەیوەندییە بازرگانییەكان كردووە، بۆیە ئێمە لەگەڵ برادەرانی كونسولخانەی توركیا قسەمان كردووە بۆ ئەوەی لانیكەم بەشێكی جیاواز بكەنەوە بۆ پێدانی ڤیزا بە بازرگانان چونكە خەڵكێكی زۆر لەوێ موڵكی كڕیووە و بەرژەوەندی هەیە".
دواتر جێگری سەرۆكی یەكێتیی هاوردەکارانی هەرێمی ئاكدنیز تاریق جگەر گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان كۆمپانیاكانی وڵاتی توركیا و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی: "ئێستا هەموومان دەزانین كە قەیرانی ئابووری هەیە لەبەر ئەوە پێویستە پەیوەیەندیمان زیاتر بێت و رێككەوتنی نوێ لە نێوانماندا هەبێت و جگە لەوەش ئەو شاندەی لە وڵاتی توركیا هاتوونەتە هەرێمی كوردستان دەیانەوێت پەیوەندی بازرگانی زۆر درووست بكەن چونكە لە توركیادا وەكو دەبینرێت هەرێمی كوردستان بازرگانییەكی گەورەی هەیە لەگەڵ وڵاتی توركیا". هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا تاریق جگەر گوتیشی: "ساڵی رابردوو توركیا هەناردەی زیاتر بۆ كوردستان بووە و هەرێمی كوردستان لە رێزبەندی سێیەم وڵاتدا بووە بە تایبەت لە هەرێمی ئاكدنیز زیاتر مامەڵەی بازرگانییان كردووە بۆیە پێشبینی ئەوە دەكەین لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا مامەڵە بازرگانییەكانمان بگاتە 10 ملیار دۆلار".
دواتر لە لێدوانێكی تایبەت بە ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر دارا جەلیل خەیات گوتی: "شاندێكی هەناردەكارانی وڵاتی توركیا سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیان كردووە و كە پێكهاتوون لە 20 كەس لە زۆربەی سێكتەرەكاندا كاری بازرگانی دەكەن و ئامانجی ئەو سەردانەش درووستكردن و پتەوكردنی پەیوەندی بازرگانییە لە نێوان بازرگاناندا". سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بەوەش كرد كە قۆناغی دوای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەش بریتی دەبێت لە چاوپێكەوتنی دوو قۆڵی لەنێوان كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی وڵاتی توركیا و لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: "ئێستا چاوپێكەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ یەكتر دەكەن بۆ ئەوەی بیروڕای بارزگانی ئاڵوگۆڕ بكەن و پەیوەندی نوێ درووست بكەن".
دارا جەلیل خەیات گوتیشی: "ئێمە داوامان لە كونسولخانەی وڵاتی توركیا كردووە كە ئاسانكاری لە پێدانی ڤیزای هاووڵاتییان بكرێت و بتوانن یارمەتی خەڵك بدەن بە گشتی و بازرگانانیش بە تایبەتی چونكە چەند ساڵە بازرگانی گەورەمان لەگەڵ وڵاتی توركیا هەبووە و چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا ئاسانكاری لە سیستەمی پێدانی ڤیزەدا بكرێت".
هەر لەو مەراسیمەدا جێگری سەرۆكی یەكێتیی هاوردەکارانی هەرێمی ئاكدنیز تاریق جگەر لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەكو یەكێتیی هەناردەكارانی ئاكدنیز بە هاوكاری هێلی ئاسمانی توركیا سەردانی وڵاتان دەكەین بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ كۆمپانیاكان درووست بكەین و لەم چوارچێوەیەشدا سەردانی هەولێرمان كرد كە نزیكترین ناوچەیە بۆ ئێمە".
تاریق جگەر گوتیشی: "شاندەكەمان 20 كۆمپانیا لەخۆ دەگرێت كە لە سێكتەرە جیاوازەكان پێكهاتوونە وەكو خۆراك و مۆبیلیات و پۆشاك و دەزگای كشتوكاڵی و چەند سێكتەرێكی دیكە، بۆیە ئێمە وەكو یەكێتیی هاوردەكارانی هەرێمی ئاكدنیز، هەمیشە عێراق بە گشتی بازاڕێكی گرنگ دەزانین".