Koray Kılıç
19 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2023
ئادانا - AA
لە پارێزگای ئادانا کە بە یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بەرهەمهێنانی شوتی دادەنرێت لە تورکیا، وەرزی هەڵگرتنەوەی شوتی دەستی پێ کرد.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی پارێزگاکە، محەممەد عەلی تەکین لە کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی شوتیدا لە قەزای کاڕاتاش بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەرهەمێکی بەتامتر لە ساڵانی رابردوو دەگاتە دەستی هاووڵاتییان،
تەکین ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵ پڕۆسەکە ١٥-٢٠ رۆژ درەنگتر لە کاتی ئاسایی خۆی دەستی پێ کرد و ئەم دۆخە دڵنیایی دەدات لە پێگەیشتنی بەرهەمەکە و گوتیشی: "دەمانەوێت بە خێرایی پڕۆسەکە کۆتایی بێت و لە چوکورۆڤاوە بەرهەمەکانمان بۆ سەرتاسەری وڵات بنێرین".
بە ئاماژەدان بەوەی کە وەرزی هەڵگرتنەوەی شوتی لە پارێزگاکەدا تا مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت، تەکین گوتی: "پارێزگاکەمان لە رێگەی بەرهەمهێنانی شوتییەوە بەشێکی گرنگ لە پێداویستییەکانی میوەی تورکیا پر دەکاتەوە".
تەکین ئاماژەی بەوە دا کە رووبەری چاندن لەمساڵدا کەمێک کەمترە، پێشتر لەسەر رووبەری ١١٠-١٢٠ هەزار دێکار دەچێندرا، بەڵام ئەمساڵ لەسەر رووبەری نزیکەی ٨٠ هەزار دێکارە بەرهەمیان چاندووە و گوتی: "پێشبینی دەکەین ئەمساڵ بەرهەمی شوتی بگاتە نزیکەی ٥٥٠ هەزار تۆن. پشتیوان بە خودا بەم ئامانجەمان دەگەین".
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی پارێزگاکە، تەکین روونی کردەوە کە هەوڵ دەدەن رێگری بکەن لە هەڵگرتنەوەی پێشوەختەی بەرهەمەکانیان کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەران و بازرگانان و گوتی: "کاتێک بەرهەمی پێنەگەیشتوو دێتە ناو بازاڕەوە دەستبەجێ کڕین و فرۆشتن دەوەستێت و کاردانەوەی هاووڵاتییانی لێدەکەوێتەوە. کار لەسەر ئەمە دەکەین، تیمی پەیوەندیدارمان هەیە کە بەبێ مۆڵەت رێگە بە هەڵگرتنەوەی شوتی نادەن".