Zana Natık Kerem
02 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2022
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند لە مانگی ئایاری رابردوودا، ١٠٢ ملیۆن و ٣٠٣ ھەزار و ٢٠ بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە کە کۆی گشتیی داھاتەکەی گەیشتووەتە، ١١ ملیار و ٤٣٦ ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پشت بەستن بە ئامارێکی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی فرۆشی نەوتی بۆ مانگی ئایاری رابردوو بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، تیکڕای نەوتی ھەناردەکراو لە مانگی ئایاری رابردوودا، ١٠٢ ملیۆن و ٣٠٣ ھەزار و ٢٠ بەرمیل بووە کە کۆی گشتیی داھاتەکەی گەیشتووەتە، ١١ ملیار و ٤٣٦ ملیۆن دۆلار.
باسی لەوەیش کردووە کە لە مانگی ئایاری رابردوودا، بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ٩٨ ملیۆن و ٩٤٦ ھەزار و ٩١٤ بەرمیل بووە و بڕی نەوتی ھەناردەکراو لە کەرکووک لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و دوو ھەزار و ١٣٣ بەرمیل.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە لە مانگی رابردوودا، رۆژانە تێکڕا سێ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە مانگی ئایاری رابردوودا، یەک بەرمیل نەوت تێکڕا بە (١١١،٧٩) دۆلار فرۆشراوە.