Heman Hussein Yaseen
09 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2024
هەولێر - AA
پارێزگاری دھۆک عەلی تەتەر لەبارەی سەردانەکەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئانڵ بۆرا ئینان، بۆ دەروازەی ئیبراھیم خەلیل، ڕایدەگەیەنێت کە لە کۆبوونەوەکەیاندا، ڕا و پێشنیازەکانییان بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کارئاسانی گەشتیاران گۆڕیووەتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر پێویست بکات دەروازەی دیکەش دەکرێتەوە.
پارێزگاری دھۆک عەلی تەتەر، لەبارەی سەردانەکەی باڵیۆز ئینان گوتی: "باڵیۆزی تورکیا لە عێراق سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراھیم خەلیلی کرد کە یەکێکە لە گەورەترین دەروازەی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیھان، بێگومان بۆ ھەموومان گرنگە کە ئاسانکاری لەم دەروازەیە ھەبێت و زیاتر پەرە بە بواری بازرگانی بدەین، ھەروەھا گرنگیشە کە ئەگەر کێشەیەک یان تێبینییەک ھەبوو، بزانین چییە و ھەوڵی چارەسەری بدەین، سەرەڕای ئەوەش ھەرێم و تورکیا پەیوەندی و لێکتێگەیشتنیان لەسەر ئاستی باڵادا هەیە".
عەلی تەتەر گوتیشی: "ڕەنگە ھەندێکجار کێشە لەم دەروازەیە دروست بێت بەڵام زوو چارەسەر دەکرێت، ئامانجەکە ئەوەیە کە چۆن پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین، ئێستا بە شێوەیەکی فەرمیی سێ دەروازە لە نیوان عێراق و تورکیادا ھەیە، ئەگەر پێویست بێت لە ھەندێک شوێن دەروازەی دیکەش دەکرێتەوە".
لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، پارێزگاری دھۆک عەلی تەتەر گوتی: "ھەندێک پێشنیاز گفتوگۆیان لەسەر کرا، ئەگەر ئەو پێشنیازانە جێبەجێ بکرێن، ئەوا ئاسانکاری بۆ بازرگانان و گەشتیارانی تێدایە، ھەروەھا یەکێک لە پێشنیازەکانی ئێمە ئەوە بوو کە ئەم قەرەباڵغییەی سەر سنوور نەمینێت، ھەروەھا پێشنیازمان داوەتە تورکیا کە وەکچۆن لە ناو ئەورووپا شتێک بەناوی ڤیزاوە نەماوە، بەم شێوەیە لە نێوان ھەرێم و تورکیاش ڤیزا نەمینێت یان ڤیزای ئەلیکتڕۆنی ھەبێت بۆ ئەوەی ئاسانکاری بکرێت".
پارێزگاری دھۆک عەلی تەتەر جەختی لەوەشکردەوە کە ماوەی دوو ساڵە جووڵەی بازرگانی و ھاتۆچۆی گەشتیارانیش لە ئاستێکی بەرزدایە و ھیوای خواست کە ئەم جووڵە بازرگانییە بەرەوپێش بچێت.