azad myhammad
31 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2017
هەولێر – AA
بڕیاردەرى لێژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەحمەد حاجى رەشید رایگەیاند "هەموو ئەگەرێک هەیە بۆ دەستکاریکردنى پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجەى گشتی عێراق بۆساڵى ٢٠١٨، بۆیە دەبێت لایەنە کوردییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن".
بڕیاردەرى لێژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، ئەحمەد حاجى رەشید لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتى: "ئەوەى تا ئێستا بۆ لێژنەى دارایی نێردراوە لەبەرگیراوە (کۆپى)یەکى نافەرمى داتاکانى بوودجەى گشتی ساڵى ٢٠١٨یە و وەک ساڵانى رابردوو رێژەى ١٧ لەسەدى بەشە بوودجەى هەرێمى کوردستان دیاریکراوە، ئەوەى چاوەڕوان دەکەین لەبەرگیراوەى فەرمییە بۆ ئەوەى لە بڕیارى کۆتایی حکوومەتى عێراق لەبارەى بوودجەى عێراق دڵنیا بینەوە".
ئەحمەد حاجى رەشید نایشارێتەوە کە هەموو ئەگەرێک لەبەردەم پشکیهەرێمى کوردستان لە بوودجەدا کراوەیە، لەوانەیە لە لایەن حکوومەتى عێراق دەستکارى بکرێت، بۆیە پێویستە هەرچى زووە رێککەوتن لە نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت".
هاوکات ئەندامى لێژنەى دارایی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، نەجیبە نەجیب بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەڵێت "عێراق پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجەى گشتی ساڵى ٢٠١٨ دیاریی دەکات، بەڵام چەند کار بەو دیاریکردنەى بەشە بوودجەیەى هەرێم دەکات ئەمە پێویستى بە کارکردنى زیاترە".
دەشڵێت "بۆ پێدانى پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجەى گشتی ساڵى ٢٠١٨ى پێویستە رێککەوتن لە نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان بکرێت و لە هەمان کاتیشدا لایەنى سێیەمى وەک ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان چاودێرى رێککەوتنەکە بکەن، تاوەکو عێراق ناچار بێت بەشە بوودجەکە وەک خۆى بە هەرێم بدات".
نەجیبە نەجیب لەبارەى چۆنیەتى پێدانى بەشە بوودجەکەوە گوتى: "بە پێى دەستوورى عێراق دەبێت پشکی هەرێمى کوردستان رادەستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بکرێت، هەوڵى حکوومەتى عێراق پێچەوانەى دەستوورى عێراقە کە دەیەوێت پشکەکە و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆى لە بەغدا".
لە رابردوودا بە رەچاوکردنى ئەو زیانانەى لە لایەن رژێمى بەعس بە هەرێمى کوردستان گەیەنرا و لە چوارچێوەى رێککەوتنى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق لەسەدا ١٧ی بوودجەى گشتى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان دەستنیشانکرا. لە ئێستادا دواى کۆنتڕۆڵکردنى پارێزگاى کەرکووک و تەواوى ناوچە کێشە لەسەرەکان وا چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکى گەورە لە پشکی هەرێمى کوردستان لە بوودجەدا رووبدات.