Hemin Hüseyin
07 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2018
هەولێر - AA
ماوەی دوو رۆژە لە لایەن بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاگادارییەک بڵاودەکرێتەوە کە گوایا لە هەفتەی رابردووەوە تا ئێستا پێنج ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر دزراوە و ئەو دزینەکردنەش لە رێگای ئەو کۆدە بووە لە پێشەوەی جامی ئۆتۆمبێلەکانەوە هەیە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بە چەند حاڵەتێکی دزیکردن دەکات بەڵام وەک ئەو رایگەیاند ئەوە پەیوەندی بەو کۆدەی پێشەوەی جامی ئۆتۆمبێلەوە نییە.
رائید هۆگر عەزیز گەڵاڵی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە گوایا لە رێگای زانینی ئەو کۆدەی دەکەوێتە پێشەوەی جامی ئۆتۆمبێلەوە، چەند ئۆتۆمبێلێک دزراوە، لە راستیدا شتی وانەبووە بەڵکو زانیارییەکان بەم شێوەیەن کە چوار حاڵەتی بردنی ئۆتۆمبێل هەبووە و ئەوانیش ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆنن کە زۆربەیان بە سویچی دیکەش کار دەکەن و دوای بردنیشیان لە شوێنێک بەجێهێڵدراون و سێ لەو ئۆتۆمبێلانە لەلایەن بنکەکانی پۆلیسەوە دەستی بەسەرداگیراوە تا لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت و رادەستی خاوەنەکانییان دەکەین".
هۆگر گەڵالی گوتیشی: "ئۆتۆمبێلی چوارەم کە مۆدێل بەرزبووە و ئەویش کەسێک فرۆشتوویەتی و سویچێکی لەلای خۆی هێشتووەتەوە و ماوەیەک چاودێری کردووە تا شەوی سەری ساڵ کە دەرفەتی وەرگرتووە و ئۆتۆمبێلەکەی بەو سویچە دزیووە کە لەلای ماوەتەوە، و دواتر بردوویەتی بۆ شاری سلێمانی و لەوێ فرۆشتوویەتی. دواتر لە رێگای تیمەکانی پۆلیس توانیمان تۆمەتبار دەستگیربکەین و ئۆتۆمبێلەکەش بگەڕێنینەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە هەمیشە تیمەکانی پۆلیس لە ئامادەباشیدان، راشیگەیاند کە پێویست ناکات ترس و دڵەڕاوکێ بکەوێتە دڵی هاووڵاتییان چونکە هەموو تاوانێک کەمتر لە بیست و چوار کاتژمێر ئاشکرا دەکرێن و تۆمەتباران رادەستی دادگا دەکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ماوەی دوو رۆژە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕ بووە لەو ئاگادارکردنەوە و داوا لە شوفێران دەکرێت کە کۆدی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەکان بشارنەوە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان نەدزرێت بەڵام پۆلسی هەولێر هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، لە ساڵێ رابردوودا، ٦٧٧ کەس بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون، ئەوانەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ تەواوکراوە و براونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ٥٨٣ کەسن، تەنیا ٩٤ کەس پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان ماوە و کاریان لەسەر دەکرێت.