07 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2018
بەغدا ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێی رایگەیاند كە بەر لە كۆتایی ئەم مانگە، دەست دەكەن بە هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگەكانی پارێزگای كەركووك بۆ ئێران.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، جەبار لعێبی ئاماژەی بەوەدا كە بەر لە كۆتایی ئەم مانگە، وەزارەتەكەیان لە رێگەى تانكەرەوە، دەست دەكات بە گواستنەوەی ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لە كێڵگەكانی پارێزگای كەركووك بۆ پاڵاوگەكانی كرماشان لە ئێران.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی: "لایەنی ئێران لە بەرامبەردا، هەمان ئەو بڕە لە باشوور رادەستی عێراق دەكات بۆ ئەوەی لە رێگەی بەندەری پارێزگای بەسڕەوە هەناردە بكرێن".
لە رێکەوتی١١ی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، عێراق و ئێران رێككەوتنێكی ئاڵوگۆڕیان لە سەر هەناردەكردنی نەوتی كەركووك واژوو كرد كە بە پێی رێككەوتنە، عێراق، ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لە كێڵگەكانی كەركووك هەناردەی ئێران دەكات.