Hemin Hüseyin
27 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 28 شوبات 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تەلار فایەق رایگەیاند کە بەغدا لەماوەی رابردوودا جیددی نەبووە لە گفتوگۆ و دانوستانەکان و بەو هۆیەوەشەوە پێشبینی ئەوەمان کردبوو کە بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵەکان لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان درێژبکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تەلار فایەق لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "زۆر بەداخەوە کە ئەم هەواڵە ناخۆشە رادەگەیەنین چونکە ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی نەمابوو. لە دووەم کۆبوونەوە هەموو رەشنووسەکە واژووکرا و بڕیاربوو بەغدا هەڵبستێت بە ناردنی چەند لیژنەیەکی تەکنیکی، بەڵام جگە لە شاندێکی ئەمنیی ئەوا هیچ شاندێکی دیکە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەم هۆیەوەشە پێشبینی ئەوەمان دەکرد کە بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان درێژبکرێتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە چارەنووسی کۆمپانیاکانی ناو فڕۆکەخانەوە و هێڵە ئاسمانییەکان، تەلار فایەق گوتی: "بەگشتی نزیکەی ٢٠ هێڵی ئاسمانیی هەبوون، ژمارەی کۆمپانیاکانیش زۆرە، وەکو کاروباری سووتەمەنی، خزمەتگوزاری، تیمی کارگۆ، کۆمپانیای پاککەرەوە، چێشتخانەکان، تاکسی و هێڵە ئاسمانیەکانیش زەرەر و زیانێکی زۆریان بەر کەوتووە".
تەلار فایەق گوتیشی: "بە هۆی ئەوەی ئەوە پێنج مانگە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان راگیراوە و تەنها هێڵی ئاسمانی عێراقی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەکاردەهێنێت ئەوا حکوومەتی عێراقی بڕی ٣٧ ملیۆن دۆلار قەرزاری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە و تا ئێستا هیچ پارەیەکی نەداوە، لەبەر ئەوەی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانەکان لەمەودوا ئەستەم دەبێت چونکە ئەگەر ئاماری ساڵی رابردوو وەرگرین دەبینین تێچووی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانە لە مانگێکدا، سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاری پێویستە، لەبەرامبەریشدا هیچ داهاتێکمان نییە، بۆیە بەردەوامبوونی بەگەڕخستنی فڕۆکەخانە لەمەودوا زەحمەت دەبێت".
سەبارەت بەو نووسراوانەی کە لە دوو هەفتەی رابردوودا لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرابوون سەبارەت بە گەشتی عومرەکاران، تەلار فایەق گوتی: "ماوەیەک لەمەوپێش باس لە گەشتی عەمرەکاران کرا و چەند نووسراوێک بڵاوکرایەوە کە هەندێک لە نووسراوەکان ساختەبوون، سەرەڕای ئەمەش لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا تەنها نووسرابوو رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق دراوە لەسەر گواستنەوەی عەمرەکاران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، بە بێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بکرێت کە گەشتەکان راستەوخۆ دەبن یان نا، هەروەها باسی ئەوەش نەکرابوو کە لە رێگای کامە هێڵی ئاسمانییەوە گەشتەکان ئەنجام دەدرێن".
دوای نووسراوەکانیش، شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەردانی بەغدای کرد و گەڕانەوە، سەبارەت بەم سەردانەش، تەلار فایەق گوتی: "هەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چوونە بەغدا بۆ ئەو مەبەستە و کاتێکیش کە گەڕانەوە، پێنەدەچوو هیچ بەرچاو روونییەکییان پێدرابێت لەسەر ئەو بابەتە، تەنها خشتەیەکیان پێیاندابوو کە نرخی بلیتەکانی تێدابوو، بەڵام نەنووسرابوو لە چ بەروارێک و کامە فڕۆکە لە کوێ و بەرەو کوێ گەشت دەکات".
تەلای فایەق گوتیشی: "لە بەغدا، بە شاندەکەی هەرێمیان گوتبوو، ئێوە ناوی گەشتیارەکانمان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی فڕۆکەیەکیان بۆ تەرتیب بکەین، بەڵام ماوەی تەنها دوو رۆژیان پێیاندابوو کە ناوەکان بنێرین و ئەمەش مەرجێکی تەعجیزییە، چونکە ئەوانەی دەیانەوێت گەشت بکەن پێویستە ناوەکانیان بنێرینە باڵیۆزخانەی سعوودیە و ڤیزایان بۆ وەرگرین، واتا بەو دوو رۆژە ئیمکان نییە ئەو کارە بکرێت".
دوای دروستبوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو فڕۆکانە لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان زیادیکرد کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکەوە دەچن و ئەمەش بە بەردەوامیی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرا و سەبارەت بە پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەمبارەوە، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تەلار فایەق گوتی: "پێشتر چەندەها هێڵی ئاسمانیی بەدوای ئەوە دەگەڕان کە گەشتەکانییان کاتێکی کەمتر و سووتەمەنییەکی کەمتری بوێت، بەڵام لە کاتی دروستبوونی شەڕی داعش، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی فیدڕاڵی ئەمریکی، داوایکرد کە دووربکەونەوە لەو ناوچەیە. بەڵام دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و نەمانی داعش، ئەوا ئەو گەمارۆیە هەڵگیرا، بۆ ئەوە مەبەستەش، بۆ ئەوەی گەشتەکان سەلامەت بن، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی، دوو رێگای دەستنیشانکردووە کە یەکێکیان دەکەوێتە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە کە فڕۆکەکان لە وڵاتی کەنداوەوە بەرەو ئەورووپا دەڕۆن، رێگای دووەمیشیان دەکەوێتە رۆژئاوای سلێمانییەوە کە فڕۆکەکان لە ئەورووپاوە بەرەو وڵاتانی کەنداو دەڕۆن".
دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، حکوومەتی عێراق چەند رێوشوێنێکی لەھەمبەر ھەرێمی کوردستاندا گرتەبەر لەوانە راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان کە ئەم بڕیارەش لە ئێوارەی ٢٩/٩/٢٠١٧ جێبەجێکرا و ئەمەش دووەمجارە بڕیارەکە درێژ دەکرێتەوە.