Heman Hussein Yaseen
13 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2020
ههولێر - AA
بەھۆی ئەوەی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەیرانێکی ئابووریی لەگەڵ خۆیدا ھێنا و ھاوکات کێشەی دارایی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش سەریھەڵداوە، بۆیە ئەمڕۆ یەکێتیی ژوورهکانی بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری ئەنجامدا و تیاییدا چەند لیژنەیەکیان پێکھێنا.
یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دانانی پلانێکی ستراتیژی بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی ئێستای ھەرێمی کوردستان.
بەشداربووی کۆبوونەوەکە، بازرگان دکتۆر محەمەد عەلی عوزێری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا زیاتر لە ١٠ چین و توێژی بازرگان و پیشەسازیی ھەرێم لە شارە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانەوە بەشدابوون کە تیاییدا، گفتوگۆ کرا لەسەر ئاڵوگۆڕی بارزگانی و دانانی پلانێکی ستراتیژی بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی کە ئێمە تیایداین، لەگەڵ ئەوەشدا چەند لیژنەیەک پێکھێنرا بۆ ئەوە لەماوەیەکی دیاریکراودا راسپاردەکانی خۆمان بنووسینەوە و دواتر بەرزبکرێتەوە بۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە ھەندێک شت ھاوکاری بازرگان و خاوەن پیشەکان بن وەک ھاوکاری دارایی و لێخۆشبوون''.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پەرەپێدانی بەرھەمیی ناوخۆیی کراوە و، لەمبارەیەوە محەمەد عەلی عوزێری گوتی: ''لە بەشێکی دانیشتنەکەدا باس لەوەکرا کە کار لەسەر پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی بکرێت، بەڵام بۆ ئەمەشیان پێویستمان بەزۆر شت ھەیە و لە رۆژانی داھاتوودا لە میانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لیژنەکان راسپاردەکانی خۆمان لەمبارەیەوە دەخەینەڕوو".
عوزێری ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و لە ئەمڕۆوە لیژنەکان دەستبەکار دەبن بۆ نووسینەوەی راسپاردەکان تا بتوانن کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بوژانەوەی کەرتی ئابووری لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن.