ھەولێر
کۆمەڵەکە چاوەڕوانی پێکھێنانی حکومەت و دانیشتنەکانی پەرلەمانە تا چەند پرۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی کرێنشینی و رێکخستنی کرێی خانوو پێشکەش بکا.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینانی کوردستان، زیاتر لە ٧٠ ھەزار کرێنشین لەھەرێم دا ھەن کە رێژەی ٦٠%یان عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
کۆمەڵەکە ھاتنی پەنابەرانی کوردانی رۆژئاوا و کوردانی تورکیا و ئێران بەھۆکاری زیاتربوونی کێشەی نیشتەجێ بوون لە هەرێم ناو دەبا.
ئیسماعیل مەحمود، بەرپرسی لقی ھەولێری کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو دەڵێ، لە رابردوودا چەندین رەخنە و پێشنیازیان داوەتە لیژنەی ئاوەدانکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەو یەکینانەی لە هەرێمی کوردستان دروست کراون.
بە قسەی ئیسماعیل بەھۆی نەبوونی چاودێریی لەسەر یەکینەکان، بەشی ھەرە زۆری سوودمەندان، سەرمایەدار و بازرگانەکان بوون نەک کرێچی راستەقینە.
لەمبارەیەوە روونی دەکاتەوە"بەپێی پێوەر و زانیارییەکانمان ٩٠%ی یەکینەکانی نیشتەجێ بوون لە کوردستان، سەرمایەدار و بارزگان و چینی مام ناوەند لێی سوودمەند بوون، تەنیا سەدی دەی کرێچی راستەقینە کەڵکیان لەو پرۆژانە وەرگرتووە."
لە حەوت ساڵی رابردوودا، ١٥١ ھەزار و ١٠٢ یەکینەی نیشتەجێ بوون لەرێی دەستەی وەبەرھێنانەوە دروستکراون، بێجگە لە چەند ھەزار یەکینەی دیکە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە بەناوی کەمدەرامەتانەوە دروستکراون.
کێشەی کرێنشینی یەکێکە لەو کێشانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە بەزەقی دەرکەوتووە بەھۆی ھاتنی پەنابەر و خەڵکانێکی زۆر لە دەرەوەی سێ پارێزگاکەی ھەرێم. بێجگە لە گرانی کرێی خانوو و بینا بەگشتی، ئەمەیش وایکردووە چەند رێکخراو و کۆمەڵەیەک بەناوی کرێنشینانەوە دابمەزرێن.
کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان، ساڵی ٢٠٠٤ دامەزراوە. پێنج لقی لە ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، سۆران، خانەقین ھەیە، لەگەڵ چوار نوێنەرایەتیی لە ئاکرێ، ھەڵەبجە، کەلار، زاخۆ.
کۆمەڵەکە بەپێی ئەو کەسانەی سەرپەرشتی دەکەن لەرێی فۆرمی زانیارییەوە کە ٢٠ پرسیاری لەخۆدەگرێ کرێنشینانی ھەرێم تۆمار دەکا و ئەگەر پێویست بکا بۆ سوود لێوەرگرتن دەیداتە لایەنی پەیوەندیدار.
ئیسماعیل مەحمود دەڵێ ساڵانی رابردوو، حکومەتی ھەرێم بە بێ پلان زەویی نیشتەجێ بوونی دابەشکردووە، کە بە قسەی ئەو زۆرینەی ئەو زەوییانە بازرگانییان پێوەکراوە و لەبری ئەوەی بکرێنە یەکینەی نیشتەجێ بوون بۆ کرێنشینان، پرۆژەی تریان لەسەر دروستکراوە.
لەبارەی ئاماری کرێنیشنانی کوردستان مەحمود ئیسماعیل دەڵێ" ئەوەی لای ئێمە تۆمارکراوە نزیکەی ٧٠ ھەزار خێزانی کرێچی لەکوردستان ھەن، سلێمانی پشکی شێری ھەیە لەو ژمارەیە نزیکەی ٣٠ ھەزار خێزان کرێچین. ھەولێر ١٧ ھەزار خێزان، دھۆک ٢٥٠٠، سۆران ٢٠٠٠ خێزان و لە خانەقین نزیکەی چوارھەزار."
ئەو فۆرمانەی کە لە لایەن کرێنشینانەوە پڕکراونەتەوە، نزیکەی ٤٠ ھەزار خێزان لەو ژمارەیە عەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.
ژمارەی ئەو کەسانەشی لەھەرێمدا کرێچین دەگاتە ٣٥٠ ھەزار کەس بە رەچاوکردنی پێنج کەس بۆ ھەر خێزانێک لەو ٧٠ ھەزار خێزانە کرێچییە.
(دیدگەی وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٠) یەکێکە لەو راپۆرتانەی بۆ تێڕوانین بۆ سێکتەرەکان لە ھەرێم گەڵاڵەکراوە، بەپێی راپۆرتەکە لەسەرانسەری ھەرێمدا ٧٩%ی خەڵک لەخانووی خۆیاندان و پارەی تەواویان داوە، لە ناوچە شارنشینەکان ئەو رێژەیە ٧٧%ە و لەناوچە گوندنشینەکان ٨٩% دەبێ.
بەرپرسی لقی ھەولێری کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینان ھێما بۆ رێگەچارەی کۆمەڵەکەی دەکات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کرێچێتی لەھەرێم کە چاوەڕوانی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم و دانیشتنەکانی پەرلەمانە بۆ پێشکەشکردنی.
لەمبارەیەوە مەحمود ئیسماعیل دەڵێ" ساڵی ٢٠١٢ پرۆژەیەکمان دایە پەرلەمان بۆ چارەسەری کێشەی نیشتەجێ بوون کە لە نێوان ٤ بۆ ٥ ساڵ رێژەی ٨٠%ی کێشەی کرێچی چارەسەر دەکا، ئەویش بە دروستکردنی ١٠ بۆ ١٥ ھەزار یەکینەی نیشتەجێ بوونە ساڵانە لە لایەن حکومەتەوە، بەڵام کاری پێنەکرا و لە داھاتوودا دەیدەنەوە پەرلەمان."
بەپێی پلانێکی ستراتیژیی حکومەتی ھەرێم، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن خەمڵاندوویەتی ساڵی ٢٠١٥ ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٢٥٠ ھەزار یەکینەی نیشتەجێ بوون ھەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن فەرھەنگ سابیر دەڵێ: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دروستکردنی ١٠٠ ھەزار یەکینەی نیشتەجێکردن ھەیە بۆ چارەسەری کێشەی نیشتەجێ بوون."
ئەمە لەکاتێکدایە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارە رەسمییەکان، لە ٥ ملیۆن و ٣٠٠ کەس زیاتر دەبێ.
سەرجەم ئەو کرێچییانەی لای کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینان ئەندامن، پاش لێکۆڵینەوە لە دروستیی زانیارییەکانیان دۆسییەیان بۆ کراوەتەوە، لەو کۆمەڵەیە دوو جۆرە ئەندامێتیش ھەیە تۆمارکراو و رەسمی، کە رەسمی ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سەرپەرشتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکە دەکەن و ھەموو ئەندامێکی تۆمارکراو دەتوانێ ببێتە رەسمی ئەگەر لەھەڵبژاردنەکان دەربچێ.
لەبارەی کرێی خانووشەوە مەحمود ئیسماعیل دەڵێ پرۆژەیەکی دیکەیان داوەتە پەرلەمان لەخولی پێشوو تایبەت بە کرێدان کە بەپێی پرۆژەکە ھاوسەنگی لە نێوان خاوەن موڵک و کرێچیدا کراوە، بەڵام بە قسەی ئەو بەتەواوەتی کاری پێنەکراوە.
پرۆژەکە بەپێی رووبەر دەبێ و بەمشێوەیە
خانووی ١٠٠ مەتری بڕی کرێیەکەی لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار دینار زیاتر نەبێ.
خانووی ١٢٥ تا ١٥٠ مەتر کرێیەکەی لەنێوان ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ ھەزار دینار زیاتر نەبێ.
خانووی ١٥٠ مەتر لە ٣٥٠ ھەزار زیاتر نەبێ.
ئەگەر ٢٠٠ مەتر بوو ئەوا لە ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ ھەزار زیاتر نەبێ.
ھەروەھا رەخنەی ئەوەش لە حکومەت دەگرێ کە خۆی و کۆمپانیاکان بەشێکی سەرەکیین لەھۆکاری زیاتربوونی کرێی خانوو بەھۆی ئەوەی بەشێکی فەرمانگەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان لەخانووی کرێدان و گوێ بە نرخی کرێ نادەن، ئەوەش وایکردووە خاوەن موڵکەکان نرخی کرێ زیادبکەن یان تەنیا خانووەکانیان بۆ فەرمانگەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان تەرخان بکەن.
مەحمود ئیسماعیل لەکۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە کرێچێتی و رێکنەخستنی پەیوەندیی نێوان کرێچی و خاوەن موڵک، بە دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی قورسی لێکەوتووەتەوە و ئەگەر یاسایەک ئەوە رێکنەخات ئەو کێشانە ئاڵوزتر دەبن.