Heman Hussein Yaseen
27 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2022
مووسڵ - AA هێمن حوسێن
دوای پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بۆ مووسڵ لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا و مانەوەیان لەم شارە بۆ ماوەی سێ ساڵ، ژێرخانی شارەکە بەتەواوی رووخا و تا ئێستاش پرۆسەی نۆژەنکردنەوە لەم شارە بەردەوامە و گرفتی هەرە سەرەکی هاووڵاتییانیش خراپی رێگاوبانەکانە کە بووەتە هۆی جەنجاڵییەکی بەردەوام.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە دوای بەغدا، رووباری دیجلە ئەم شارەی کردووە بە دوو بەش کە پێی دەڵێن بەری راست و بەری چەپ، پێنج پردی سەرەکی بۆ هاتوچۆ لەنێوان بەری راست و بەری چەپدا هەیە، بەڵام لەکاتی پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤ و دواتریش کۆنترۆڵکردنی مووسڵ لە تەمووزی ٢٠١٧ لەلایەن سوپای عێراق و هاوپەیمانانەوە، بووە هۆی تەقاندنەوە و وێرانکردنی پردە سەرەکییەکان و تا ئێستاش هەندێکیان چاک نەکراونەتەوە و ئەمەش گرفتی هاتوچۆی بۆ هاووڵاتییانی شارەکە دروستکردووە.
پردی کۆن کە پردی "عەتیق"ی پێ دەڵێن لە ساڵی ١٩٣٤ کراوەتەوە و ئێستا ئەم پردە داخراوە و لەتەنیشت ئەو پردە، کۆمپانیایەکی تورکی پردێکی دیکەی بە درێژایی ٢٨٠ مەتر دروستکردووە و ئەمەش گرفتی هاتوچۆی لەو شوێنە چارەسەرکردووە.
پانی پردەکە ١١ مەترە، هەزار تۆن ئاسنی تیادا بەکارهاتووە و توانای هەڵگرتنی هەشتا تۆنی هەیە و ئاسنەکانیش لە ئیتاڵیا هاوردەکراون بۆ تورکیا و لەوێ دیزاین و کارەکانی بۆ کراوە ئینجا هەناردەی عێراق کراوە و لە دروستکردنی پردەکە بەکارهێنراوە.
بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای بیناسازیی "فێرماک" و بەرپرسی کۆمپانیاکە لە عێراق، قادر چەتین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە وەک گرووپی ماکسیبۆڵ لە عێراقین. لە بواری بیناسازیشدا ماوەی چوار ساڵە لە مووسڵ چالاکی ئەنجام دەدەین. ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی ئەم پردە بووین کە بەری مووسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. پردەکە لە ھەمانکاتدا ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆ دروستکردووە. درێژی پردەکە ٢٨٠ مەترە. بۆ یەکەمجارە لە مووسڵ لەسەر رووباری دیجلە پردێکی ئاسنین بەم شێوەیە دروست بکرێت".
قادر چەتین تیشکی خستەسەر کارەکانییان و گوتی: "لە مووسڵ دوو پردمان دروستکردووە. یەکێکیان لە سەنتەری شارەکەیە کە پردێکی گرنگ و ستراتیجییە. هاوکات کۆنسولخانەی تورکیا لە مووسڵ زۆر ھاوکارمان بوو، چونکە بۆ یەکەمجارە کۆمپانیایەکی تورکی لەسەر رووباری دیجلە پردێکی وا دروست بکات. ساڵانێکی زۆر بوو لێرەدا پرد دروست نەکرابوو بۆیە لەم رووەوە گرنگە. پردەکەی دیکە لە گەڕەکی ئەل مینارەیە کە دەکەوێتە سەر رێگای بەغدا. ئەم پردە لەسەدا ٩٧ی تەواوبووە. لە ماوەیەکی نزیکدا رادەستی دەکەین".
هاوکات بەڕێوەبەری پڕۆژەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاسنی بەکارهاتووی پردەکە لە وڵاتی ئیتاڵیاوە هاوردەکراوە بە کوالێتییەکی باش و سەرجەم راگرەکانیش بە قوڵایی ٣١ مەتر لەناو ئاوی رووبارەوە جێگرکراون، ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە دروستکردنی پردەکە گرفتی هاتوچۆ لەو شوێنە چارەسەرکراوە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە، ئەندازیار دڵدار یونس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژەکە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دەستی پێ کرد، نزیکەی دوو ساڵی خایاند، سەرەتا بەھۆی ھەندێک گۆڕانکاری لە پڕۆژەکە رووبەڕووی گرفت بووینەوە، دواتریش بوونی رێکارەکانی خۆپارێزی بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ھەندێک گرفتی دیکەی خستەبەردەم کارەکانمان، بەڵام لە کۆتاییدا توانیمان پردێکی رێک دروست بکەین و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان".
دڵدار یونس گوتیشی: "درێژی پردەکە ٢٨٠ مەترە، پانییەکەی ١١ مەتر و نیوە، هەزار تۆن ئاسنی تیادا بەکارهاتووە، ئاسنەکان تایبەتن و لە وڵاتی ئیتاڵیا هاوردەی تورکیامان کرد و لەوێ بڕین و دیزاینی بۆ کرا ئینجا پێش یەک مانگ گەیشتە مووسڵ و لێرە لە دروستکردنی ئەو پردەدا بەکارمان هێنا".
لەبارەی توانا و شێوازی جێگیرکردنی راگرەکان لەناو رووباری دیجلەدا، دڵدار یونس گوتی: "لەو پڕۆژەدا بە بەردەوامی ٦٠ کرێکار کاری کردووە، ئەم پردە توانای هەڵگرتنی ٨٠ تۆنی هەیە لە خوارەوەش بە ٣٠ راگر راگیراوە کە هەر راگرێک بە قوڵی ٢٧ تا ٣١ مەترمان لەئاستی ئاو دەربازکردووە و بە گشتی پردێکی لەم شێوەیە زەمانەتێکی ١٠٠ ساڵەی لەگەڵە".
لەئێستادا گرفتی هاتوچۆ و جەنجاڵی لەم شوێنە چارەسەرکراوە و هاووڵاتییان زۆر بە ئاسانی دەتوانن بە ئۆتۆمبێل لە پردەکە بپەڕنەوە و لەمبارەیەوە ئەندازیار دڵدار یونس گوتی: "هەرچەندە پردە کۆنەکە (پردی عەتیق) لە رووی تەکنیکیشەوە لەکار کەوتووە و سەد ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە و ناتوانرێت ئیتر سوودی لێ وەربگیرێت، بۆیە ئەم پردە نوێیە توانیوویەتی جەنجاڵی زۆر کەم بکاتەوە و گرفتی خنکانی هاتوچۆی لەم شوێنە نەهێشتووە".
لەئێستادا جگە لەو پردەی کە لە تەنیشت "عەتیق" دروستکراوە، پردی حوڕییە یەکێکە لەو پردانەی کە لای چەپی شارەکە لە نزیک باڵەخانەی شارەوانی دەبەستێتەوە بەلای راستی شارەکە و بەدیاریکراوی گەڕەکی ئەفسەران و هاتوچۆ تیایدا ئاساییە، هەروەها پردی ئەبو تەمام کە ناوچەی دارستانەکانی مووسڵ لەلای چەپی شارەکە و ناوچەی نەخۆشخانەی گشتی لەلای راستی شارەکە بەیەکتر دەبەستێتەوە هاتوچۆ تیاییدا ئاساییە، بەڵام هەریەک لە پردی چوارەم و پردی پێنجەم کارکردن تیایدا بەردەوامە.