Rewa Mahmood Hasan
06 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
سلێمانی - AA
بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە دوو رۆژ لەمەوبەر ئاگرکەوتنەوەی تێدا روویدا، لیژنهى وزه و سامانە سروشتییهكانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی ناوچەکەیان کرد.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەندامانی لیژنهى وزه وسامانە سروشتییهكانی پەرلەمانی کوردستان کە پێهکاتبوون لە شەش کەس؛ علی حمهساڵح، پێشهوا تاهیر مستەفا، سۆران عومەر سەعید، كاروان عەبدولرەحمان عەبدوڵڵا، جنان جەبار بویا و گولیزار رەشید حاجی سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر-یان کرد.
دوای سەردانکردنی کێڵگەکە، ئەندامانی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان گوێیان لە خەڵکی ناوچەکە و گلەیی و گازندەکانیان کرد.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، پێشوا تاهیر مستەفا ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ناوچەکە و بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشەی کەمی غاز، سەردانی کۆمپانیای دانە غازیان کردووە و هیچ کێشەیەک لە بەرهەمهێنانی غازدا نییە بەڵکو کێشەی ئەمنی و گواستنەوە هەیە لە بەرهەمی غازدا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان بەدواداچوونی تەواویان کردووە بۆ کێشەی کەمی غاز و دەڵێت ''لە ماوەی پێشوودا کێشەی ئەمنی هەبوو لە رێڕەوی گواستنەوەی غازدا لەنێوان ناحیەی قادر کەرەم- بەرزاییەکانی بانی مەقان، لەو ناوچانە رێگرییان لێ دەکراو رووبەڕووی تەقە لێکردن دەبوونەوە و تا ئێستا ٢٢ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی غازی شل رووبەڕووی تەقە لێکردن بوونەتەوە''.
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەئێستادا تەندەری گواستنەوە و دابەشکردنی غازی شل دراوەتەوە (کۆمپانایای سوورغاز) ئەوانیش خاوەنی ١٥٠ ئۆتۆمبێلی گواستنەوە و دابەشکردنن بەسەر شارەکانی هەرێمی کوردستاندا کە لەوانە رۆژانە ٥٢ ئۆتۆمبێلیان کار دەکەن بۆ گواستنەوە و دابەشکردن، بەهۆی ئەو تەقە لێکردنانەشەوە ٢٢ ئۆتۆمبێلیان لەکارکەوتوون و بەکەڵکی گواستنەوەی غازی شل نایەن.
سەبارەت بە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنییەکانی گواستنەوەی غازی شل، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە حکوومەت گرەنتی داوە کە گرفتە ئەمنییەکان لەسەر پرسی غاز چارەسەر بکات و لەڕێی وەزارەتی ناوخۆوە بڕیاری داوە کە هێزی بەرگری و فریاکەوتن لە لیوای نەوت و گاز بۆ زامنکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی رێڕەوی گواستنەوەکانی غازی شل دابین بکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد کە هاوکات حکوومەت بڕیاری داوە کە لیژنەی تایبەت دروست بکات بۆ چاودێریکردنی بنکەکانی دابەشکردنی غازی شل کە بەهیچ شێوەیەک نرخەکەی لە حەوت هەزار و ٥٠٠ دینار زیاتر نەبێت.