05 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
هەولێر - AA
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد رایگەیاند کە بەهۆی ئەو ئاگرەی لە وێستگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتەوە، بەرهەمهێنانی ٨٠٠ میگاوات کارەبا کەمیکردووە.
لەوەبارەوە ئومێد ئەحمەد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە شەوی رابردوو ئاگرێکی گەورە لە وێستگەی غازی کۆرمۆر بۆ بەرهەمێنانی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی کەوتووەتەوە کە بەهۆیەوە بەشیک لە وێستگەکە لەکارکەوتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد ئەحمەد ئاماژەی بەوەیشکردووە کە بەهۆی رووداوەکەوە، بەرهەمهێنانی ٨٠٠ میگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووە.
لەئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەگاتە سێ هەزار میگاوات، بەڵام لە وەرزی زستاندا هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێنج هەزار میگاوات کارەبا هەیە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی پێ دابین بکات.
ئومێد ئەحمەد روونیشیکردەوە کە ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و رەوشی وێستگەکە سەقامگیرە، چاوەڕوان دەکرێت لەمیانی ئەمڕۆدا، دەست بە بەرهەمهێنانی کارەبا بکرێتەوە.
عێراق کە ماوەی چەند ساڵێکە بە دەست قەیرانی کەمی کارەباوە دەناڵێنێت، لەئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە ١٣ هەزار میگاوات لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان پێویستی بە ٢٣ هەزار میگاوات هەیە.