Fakhradin Ibrahim Mohammad
16 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵاڵ رایگەیاند کە حکوومەتی عێراق بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی دەنێرێت و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، پەیوەندی بە یاسای وەرگرتنی قەرزەوە نییە.
ئەحمەد موللا تەڵاڵ لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە گوتی: "مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، پەیوەندی بە یاسای وەرگرتنی قەرزەوە نییە".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵاڵ سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رایگەیاند کە رێککەوتنێک لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم ھەیە کە بەگوێرەیەوە، حکوومەتی عێراق بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی دەنێرێت، بۆیە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، پەیوەندی بە یاسای وەرگرتنی قەرزەوە نییە.
ئەحمەد موللا تەڵاڵ گوتی: "ھێزە سیاسییەکان مافی خۆیانە چۆنیان دەوێت دەنگ بە پرۆژەیاسای قەرز بدەن، بەڵام ئەوەی کە لە پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن)دا تێنەڕێندرا، ئەو برگەیە بوو کە پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بۆیە حکوومەت ئەو پڕۆژەیاسایەی نارد، چونکە فەرمانبەرانی کوردستان بە پرسیارییەتی خۆی ھەژماریکردوون، یان ئەوەتا ئەمڕۆ دەبێت ھەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق سەیری بکەین، ھاووڵاتییانی ھەرێم وەکو ھاووڵاتیی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، رەوشی ھەرێم وەکو رەوشی بەسرە و ئەنبار بێت، یان نەخێر بە ھەرێمی کوردستان بڵێن بگەڕێنەوە ئەزموونی ٢٠١٧ و ریفراندۆم ئەنجام بدەنەوە، بەم شێوە نابێت".
گوتیشی: "پابەندبوون ھەیە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رێککەوتنێکی کاتی لەنێوان ھەردوولادا ھەیە کە لەسەر ئەو بنەمایە، ٣٢٠ ملیار دینار رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ دابینکردنی مووچە، پێم بڵێ بۆ ٣٢٠ ملیار دینار، بڕەکەی زۆر گەورە کراوە، مستەفا کازمی ٣٢٠ ملیار دیناری رەوانە کرد، حکوومەت ئێستا لەسەر بوودجەی ٢٠١٩ دەڕوات، چونکە بوودجەی ٢٠٢٠ پەسەند نەکراوە، بۆیە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیی ٢٠١٩دا، بە ١٢،٦٧ لەسەدا دیارییکراوە، واتا پێویستە بەپێی بوودجەی ٢٠١٩، مانگانە یەک ملیار دۆلار رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئەی بۆچی ٣٢٠ ملیار دینار (٢٥٠ ملیۆن دۆلار) رەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە حکوومەتی ئێستای عێراق، پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رۆژانە دەبڕێت، ھەروەھا لە داھاتی دەروازە سنوورییەکان دەبڕێت و خەرجییەکان دەبڕێت، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە ٣٢٠ ملیار دینارە، ئەمانە کەسوکار و گەلی خۆمانن، ئەرکی حکوومەتە پابەندی بەڵێنەکانی بێت بەرامبەر فەرمانبەران کوردستان یاخود بەسرە، چونکە ئەمە گرێبەستێکە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا، ناکرێت خەڵک لە سلێمانی و دھۆک و ھەولێر برسی بکرێت. لەسەر چی؟ ".
گوتیشی: "ئەوەی ناکۆکیی سیاسی ھەیە یاخود کێشەی ھەیە و چارەسەرنەکراوە، کەمتەرخەمی ھەیە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی ھەرێم، بەوەی ھەندێک رێککەوتنیان لەگەڵ ھەندێک کۆمپانیای نەوت کردووە، حکوومەت ناچارە مامەڵە بە ٣٢٠ ملیار دینار بکات تاوەکو رێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نەوتییانە جێبەجێ بکات، ئەمە گفتوگۆ و مشتومڕێکە باسی لێوەدەکرێت لەنێوان جەماوەری کوردستان و ئەو سەرکردە سیاسییانەی ھەرێمی کوردستان".
ئەحمەد مەوللا تەڵاڵ گوتیشی: "پێویستە پیاوی دەوڵەت لەو قۆناغەدا، وەکو پیاوی دەوڵەت مامەڵە بکات. نابێت بژێویی گەلەکەی بقۆزێتەوە و موزایەدەی سیاسیی لەگەڵ نزیکبوونەوەی ھەڵبژاردن بکات، ئەو موزایەدە سیاسییانە ئێمەی گەیاندووەتە ئەم قۆناغە".
موللا تەڵاڵ هەروەها گوتی: "ئەو رێککەتنەی کە لەنێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە، پێویستە بگوازرێتەوە بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١".
پەسەندکردنی یاسای کورتهێنانی بوودجە کە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەبێ رەزامەندیی کورد دەنگی لەسەر درا، ناڕەزایەتی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
لە یاساکەدا هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریی نەکراوە، داواکراوە هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ رێکبکەوێت لەگەڵ ئەوەشدا، رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەکراوەتە مەرج.
وەک کاردانەوە دژبە یاساکە، دۆینێ یەکشەممە، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و دواتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و رایگەیاند "ئەم یاسایەی کە بەم شێوەیە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە، جێی نیگەرانی هەرێمی کوردستانە و ئەمە سزادانی هاووڵاتییانە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روویدا، پێشهاتێکی مەترسیدارە".
نێچیرڤان بارزانی ئاشکراشی کرد کە بەم زووانە شاندێک لە هەرێمەوە رەوانەی بەغدا دەکرێت و لەم بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەکات.