Zana Natık Kerem
11 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، عومەر عاسم رایگەیاند کە لەئێستادا، یەدەگی بانکەکەیان لە نەختینەی نێودەوڵەتیی، گەیشتووەتە ٢٨ ملیار دۆلار، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی داھاتی عێراق بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا زیادی کردووە.
عومەر عاسم لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی ئاماژەی بەوەداوە کە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لە نەختینەی نێودەوڵەتیی، گەیشتووەتە ٢٨ ملیار دۆلار.
عێراق لە دوای سعوودیە دووەم گەورە بەرھەمھێنەری نەوتی خاوە لەنێو رێکخراوی وڵاتانی ھەناردەکاری نەوت (OPEC) کە رۆژانە تێکڕا چوار ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل بەرھەم دەھێنێت.
ھاوکات عێراق ساڵانە بۆ ئامادەکردنی بوودجەی گشتیی بەڕێژەی ٩٧ لەسەدا، پشتی بە داھاتی فرۆشی نەوت بەستووە.
گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، عومەر عاسم گوتیشی: "لەئێستادا لەسەر ئاستی جیھان بۆ یەدەگی زێڕ ریزبەندی ٣٠یەمین و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش ریزبەندی چوارەمینی گرتووە کە لەئێستادا، خاوەنی یەدەگی ١٣٠ی تۆن زێڕە".
لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو کە یەدەگی بانکەکە لە نەختینەی بیانی، گەیشتووەتە ٦٤ ملیار دۆلار.