Sarp Özer
19 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2019
قەيسەرى - AA
وەزيرى بەرگریى توركيا، خوڵوسى ئاكار، دەربارەى رێككەوتنيان لەگەڵ ئەمريكا، ئەوەى وەبيرهێنايەوە كە ئەوان بۆ ماوەى پێنج رۆژ ئۆپەراسيۆنى كانى ئاشتييان راگرتووە و گوتى: "بۆ ماوەی پێنج رۆژ ئۆپەراسیۆنەکەمان راگرت. لەم ماوەیەدا پێویستە تیرۆریستان لە ناوچەی ئارام دەربھێنرێن، چەكە قورسەكانيان كۆبكەنەوە و پێگە و حەشارگەکانیان بڕوخێنن. ئەگەر ئەمانە ئەنجام نەدرێن ئەوا ئۆپەراسیۆنەکە لەو شوێنەی کە وەستابوو، درێژەی دەبێت".
خوڵوسی ئاکار لە ميانى بەشداريكردنى لە رێورەسمى كردنەوەى کۆمەڵە پرۆژەيەك لە شارى قەيسەرى كە بە ئامادەبوونی سەركۆمارى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان بەڕێوەچوو. لە گوتارەكەيدا باسى لە دڵخۆشى خۆى كرد كە لەگەڵ هاوشارەكانى بەيەكگەيشتوون و دووپاتى لەوە كردەوە كە كاريگەرى قەيسەرى تەنها لەسەر ناوچەكەدا نييە بەڵكو وەك ئەستێرەيەكى درەوشاوەى توركياى لێهاتووە.
ئاكار، سەرنجى ئامادەبووانى بەلاى هەڕەشەكانى رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش، پەكەكە/يەپەگە راكێشا بۆ سەر توركيا و گوتى: "لە زووەوە ئێمە و لەسەروومانەوە بەڕێز سەركۆمارمان بيروبۆچوونمان، ئامانج و سووربوونمان لەسەر لادانى ئەم هێرشانە لەگەڵ خەڵكدا بەشكردووە. لەسەرەتادا وەك وڵاتێك كە ٧٠ ساڵە ئەندامى ناتۆين پێمانباشبوو لەگەڵ هاوپەيمانەكانمان بجوڵێينەوە بۆ لادانى ئەم هەڕەشانە. بۆ ئەم مەبەستەش ماوەيەكى زۆر ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانمان كرد، كارى هاوبەشى زۆرمان ئەنجامدا، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەى لەسەر زۆر شت هاوبيربووين بەڵام نەگەيشتينە رێككەوتن نامەيەكى كۆتايى و توركيا بەتەنها هێڵرايەوە لە رووبەڕووبووونەوەى تيرۆر. لەم روانگەیەوە سەركۆمار، رەجەب تەيب ئەردۆغان، فەرمانى پێكردين و هەنگاوەكانى خۆمان دەستپێكرد و 'ئۆپەراسيۆنى كانى ئاشتيى'مان دەست پێكرد. ئەگەر پێويستى كرد، پێويستييەكمان هەبوون، ئەوە چاوەڕێى يارمەتى كەس ناكەين بە پشتگيرى نەتەوكەمان خۆمان ناوكى خۆمان دەبڕين و بڕيشمان (بۆخۆمان کاری خۆمان ئەنجام دەدەین)".
- "گونجاوترين، مرۆڤايەتيترين و ژيرترين رێگا"
وەزيرى بەرگریى توركيا، خوڵوسى ئاكار گوتى: "ئەم ئۆپەراسيۆنە لە رۆژهەڵات فورات، بۆ كۆتاييهێنانى رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و پەكەكە/يەپەگە وسەقامگيرى سنوورەكانمان و ئاسايشى خەڵكەكەمان دەستپێكردوە. ئێمە ئامانجمان دروستكردنى رێرەوێكى ئاشتييە و كاردەكەين بۆ گەڕانەوەى برا سوورييەكانمان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆيان. بەڕێز سەركۆمارمان، مانگى پێشوو لە نەتەوە يەكگرتووەكان بە هەموو جیهانی راگەياند كە دروستكردنى ناوچەى ئارام گونجاوترين، و مرۆڤايەتيترين و ژيرترين رێگايە بۆ گەڕانەوەى خەڵكى سووريا".
خولوسى ئاكار، جەختى لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەوان تەنها گرنگييان بە ئاسايشی خەڵك و وڵاتى خۆيان نەداوە بەڵكو لە هەمانكاتدا ئاسايشى كورد، عەرەب، سریانییەکان، كلدانييەكان، ئەرمەنەكان، كريستيانەكان و ئيزيدييەكانيان بەلاوە گرنگە.
وەزيرى بەرگريى توركيا، خوڵوسى ئاكار، رايگەياند كە رێكخراوى تيرۆريستى پەكەكە/يەپەگە نوێنەرى كورد نييە و داعش-يش نوێنەرايەتى ئيسلام ناكات، و گوتى: "روونترين بەڵگە لەسەر ئەمە ئەوەيە كە لە رووبەڕووبوونەوەدا نەيانتوانى بەرامبەر سەربازەكانمان بووەستن و چوون بە هاوەن هێرشيان كردە سەر خەڵكى سڤيل لە شارەكانى ئورفا، ماردين، عەنتاب. لەسەرەتاى ئۆپەراسيۆنەكانەوە قوربانيانى ئەم هێرشە چەپەڵانەى ئەم تيرۆريستانە بە هاوەن و مووشەك ٢٠ هاووڵاتيیمان گيانيان لەدەستداوە و ١٨١ى ديكەش برينداربوون".