Abdullah Shukur
11 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2016
نیویۆرک
لە شاری نیویۆرک و زۆربەی شارەکانی دیکەی ئەمریکا رێوڕەسمی ١٥یەمین ساڵیادی رووداوەکەی ١١ی ئەیلول کرایەوە.
ھاووڵاتیانی ئەمریکا یادی ئەو قوربانیانەیان کردەوە کە لە رێککەوتی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ لە ئەنجانی ھێرشی رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە بۆ سەر ھەردوو تاوەری ناوەندی بازرگانی جیھانی و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گیانیان لەدەستدابوو.
رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٨:٤٦ی خولەکی بەیانی بە کاتی ناوچەیی دەستیپێکرد کە بە یەکەم خولەکی ھێرشە تیرۆریستییەکە بۆ سەر ھەردوو تاوەری ناوەندی بازرگانی جیھانی دادەنرێت.
پاڵێوڕاوی پارتی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و پارتی دیموکراتەکان ھیلاری کلینتۆن بەشدارییان لە رێوڕەسمەکە کرد.
لە لایەکی دیکەش خانەوادەی قوربانیانی ھێرشەکە، تاجە گوڵێنەیان لەو شوێنە بەجێھێشت کە ناوی قوربانیانی لێ نووسراوە.
لە چوارچێوەی ئەم رێوڕەسمەش پۆلیسی نیویۆرک رێوشوێنی ئەمنی توندی لە ناوچەکەدا گرتەبەر.