نیویۆرک
وەزیری دەرەوەی تورکیا ( ئەحمەد دواود ئۆغڵو) رایگەیاند: ھۆکاری توندوتیژییەکانی ئەم دوایەی سوریا سیاسەتی ئایینی و توندڕەوانەی رژێمی سوریایە و رژێم خۆی ئەو توندوتیژییانە بەکاردەھێنێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چوارچێوەی سەردانی خۆی بۆ نیویۆرک، بەشداری کۆبوونەوەی دۆستانی سوریا کرد و لە گووتەیەکدا رایگەیاند: رژێمی سوریا رۆژی ٢١ی ئاب چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی خۆی بەکارھێنا و تاوانی دژەمرۆڤایەتی ئەنجامدا و گوتی" تورکیا بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنی لەناوبردنی چەکی کیمیایی سوریا دەکات.
داود ئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا لە ناوبردنی چەکی کیمیایی سوریا بە مانای کۆتاییھاتنی توندوتیژی و چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا نییە، چونکە رژیم بە چەکی دیکەش خەڵک دەکوژێت بۆیە دەبێ ئەوانەی ئەم تاوانانە ئەنجام دەدەن سزا بدرێن.
ئەحمەد داود ئۆغڵو گوتی" پەنابەرانی سوریا لە ھەموو رووێکەوە کێشەیان بۆ تورکیا دروستکردووە و ژمارەیان لە ٦٠٠ ھەزار تێپەڕیوە و بە گوێرەی پێشبینییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش گەر تا کۆتایی ئەمساڵ شەڕ رانەگیرێ، ئەوا ژمارەی ئەو پەنابەرانە یەک میلیۆن کەس تێپەڕدەکات.
داودئۆغڵو بەمجۆرە بەردەوامی دایە سەر قسەکانی خۆی: ناکرێ ئەو بارودۆخە بەمجۆرە بەردەوام بێ پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی چارەسەرییەک بۆ قەیرانی پەنابەرانی سوریا بدۆزێتەوە و دەبێ کەناڵی پێویست بۆ گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ نێو سوریا بکاتەوە.
ئەحمەد داود ئۆغڵو سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی ژنێڤ دوو رایگەیاند: تورکیا پشتگیری ئەو کۆبوونەوانە دەکات و دەبێت دەسەڵات لە سوریا رادەستی بەرپرسان بکرێتەوە و زەمینە بۆ گەیشتن بە سیستەمێکی دیموکراسی خۆش بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەسەد لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: فەرەنسا لە ھاوکاری و پشتگیریکردنی خەڵکی سوریا و نوێنەرە راستەقینەکەی بەردەوام دەبێ و گوتی" بۆ سەر خستنی پلانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا فەرەنسا دەست بە ھەوڵدانی جدی دەکات.
سەرۆکی ئەنجومەنی نەتەوەیی سوریا ( ئەحمەد جەبار) لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لە پشتگیری چەند وڵاتێک لە رژێمی ئەسەد کرد و گوتی" وڵاتانی دەرەکی بە تایبەتی ئێران ھاوکارییەکی زۆر باش پێشکەشی رژێمی ئەسەد دەکەن.
ئەحمەد جەبار رایگەیاند: ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ژنێڤ دوو دەکەین، بەڵام پێویستە سەرەتا ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوانە روون و ئاشکرا بن.