Mazın Asad
19 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
سەکاریا - AA
ھاووڵاتییەکی عێراقی تەمەن ٣٥ ساڵ بەناوی عەلی عەلامەدی کە بەھۆی توندوتیژییەکانی عێراقەوە پەنای بۆ تورکیا بردووە، بەھۆی کاریگەری ئەو رۆمانانەی خوێندویەتی دەستی بە ھونەری مینیاتور کردووە و نیگاری ئەو شوێنانە دەکێشێت کە نەیبنیوە.
عەلامەدی سێ ساڵ لەمەوبەر بەھۆی رووداوە تیرۆریستییەکانی عێراق بۆ تورکیا ھات و لە شاری سەکاریا نیشتەجێ بوو. ئەو لە ژێر کاریگەری ئەو رۆمان و چیرۆکانە لە منداڵیەوە خوێندویەتی، دەستی بە ھونەری مینیاتور کردووە.
کاتێک کتێبەکانی سەدەی نۆزدەمی خوێندەوە، لە خیاڵیدا دروستکردنی مۆبیلیا و قوماش بە مینیاتوری بچووک ھەبوو. ئەوەی جێی سەرنجە ناوبراو بەرھەمەکانی زۆر بچووکە کە بە قەد ناودەستی مرۆڤێک دەبێت.
عەلی عەلامەدی مینیاتوری ئەو شوێنانە دروست دەکات کە لە ژیانیدا نەبینیووە و سەرەڕای ئەوەی بۆ نمایشکردنی بەرھەمەکانی لە ئەمریکا و بەریتانیا داوەتی پێگەیشتووە، کەچی بەھۆی پەنابەربوونی ناتوانێت بەشداری لەو جۆرە چالاکیانە بکات.
عەلامەدی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە دا کە لە تەمەنی منداڵییەوە لەجیاتی یاریکردن لەگەڵ ھاوتەمەنەکانی، سەرقاڵی خوێندنی کتێب بووە و راشیگەیاند بە خوێندن زۆر دڵخۆش دەبێت.
روونیشی کردەوە کە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی عێراقیەوە رۆژانی سەختی بەسەر بردووە و زیاتر گوتیشی: "لە دوای ھاتنی داعش بۆ عێراق، مەترسی لەسەر ژیانمان دروست بوو. منیش کاتێک ھەستم کرد ژیانم کەوتووەتە نێو مەترسیەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ تورکیا ھاتم. لەوکاتەوە تاکو ئێستا لە شاری سەکاریا دەژیم. بەھۆی ئەوەی تورکیا پێشوازی لە زۆرترین پەنابەر کردووە و دەرگاکانی بۆ ھاووڵاتیانی عێراق وەڵا کرووە، منیش بۆ ئەم وڵاتە ھاتم".